لقی ١١ی پارتی دیموکراتی کوردستان وەڵامی قسەکانی هونەرمەند ئەنوەر قەرەداخی دەداتەوە و دەڵێت'' ئەنوەر قەرەداخی لەوپێش ئاگادار بووە کە ئەو بۆنەی تێدا بەشداری دەکات حیزبیە.''
لقی ١١ی پارتی، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە'' دوای نیوەڕۆی ٢٣ی کانونی یەکەم، ئاهەنگێمان بۆ کادر و جەماوەری پارتیمان لە سنوری ڕاپەڕین ڕێکخست، بە بۆنەی تەواو بوونی هەڵبژاردن بە هێمنی و سەرخستنی لیستی پارتیمان.''
لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە'' تیپێکی ڕۆژهەڵات کە بەشداری لایەنی مۆزیکیان کرد، داوای بانگهێشتی مامۆستا ئەنوەر قەرەداخیان کرد. ئێمە گوتمان ڕەنگە ئارەزوی بەشداری بۆنەی حزبی نەبێت، بەڵام دوای گفتوگۆ و داکۆکی تیپەکە، ڕۆژی پێش ئاهەنگ بەرپرسی لق بەتەلەفۆن دوای پێدانی زانیاری ئاهەنگەکە بە مامۆستا ئەنوەری ڕاگەیاند بوو کە خۆشحاڵ دەبین بە بەشداری بەڕێزیان، بەڵام چون ئاهەنگەکە پەیوەستە بە جەماوەری پارتی نامانەوێ بەڕێزیان توشی هەر جۆر ئحراجیەک بکەین.''
ئەو لقەی پارتی دەڵێت'' وەڵامی بەڕێزیان ئەوە بوو کە من موڵکی هەموو کوردم، بۆیە ئامادە دەبم. بەڕێزەوە لە بارەگای لقی ١١ پێشوازیمان کرد و نان و نمەکێکی پێشمەرگانەمان پێکەوە کرد و دواتر لە ناو ئاپۆرای جەماوەر کە زۆربەیان بنەماڵەی شەهید و پێشمەرگە و کەسایەتی بوون، خەڵاتێکی ڕێزلێنانمان بە توازعەوە پێشکەش کرد.'''
لە کۆتایدا، لقی ١١ی پارتی وتیشی'' ڕون کردنەوەکەی مامۆستا ئەنوەر بۆ ئێمە موفاجەئە نەبوو، چونکە نیوسعات پێش بڵاوکردنەوەی ڕونکردنەوەیکەیان، قسەی لەگەڵ هەڤاڵ کرمانج بەرپرسی لق کرد بوو.''
ئەمە لە کاتێکدایە، ئەنوەر قەرەداغی، ڕایگەیاند'' چەند رۆژێک لەمەوبەر پەیوەندیان بەبەندەوەکرا کە تیپی موزیکی سنە لە راپەرین ئاهەنگێکی جەماوەری ئەنجام دەدەن وپێمان خۆشە بەشداری لەئاهەنگەکەدا بکەیت، بۆیە بەخۆشحاڵییەوە رویشتم بۆ بینینیان و بەشداریکردن لە ئاهەنگەکەدا و کاتێ گەیشتمە شوێنی ئاهەنگەکە، حەپەسام کە بینیم ئاهەنگێکی سیاسی و حزبییە و بۆ تەمەن و پێگەم جوان نەبوو ئاهەنگەکە بەجێ بێڵم بۆیە وتم بەمنتان نەوتووە کە ئاهەنگەکە حزبی یە، لەوەش ناخۆشتر بڵاوکردنەوەی هەواڵەکەیان بووە.''