بەفر لە سەنتەری شارەکان دەبارێت و شەختە و بەستەڵەک دروست دەبێت

شارەزایەکی کەشناسی پێشبینی کەشوهەوای بۆ رۆژانی داهاتوو بڵاوکردەوە و ئاشکرای دەکات کە پلەکانی گەرما تا ١٥ پلە ژێر سفر دادەبەزن و بەفر لە سەنتەری شارەکانیش دەبارێت.


ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی رایگەیاند" سەرەتا کاریگەری قۆناغی یەکەمی ئەم شەپۆلە بەفر و باران و با چالاکەی هەیە لەسەر ناوچەکانمان لە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەمە لاواز ئەبێت و کۆتای پێدێت و لە نیوەرۆی سبەی دووشەمەوە قۆناغی دووهەمی ئەم شەپۆلە دەستپێدەکاتەوە سەرەتاش لەناوچەکانی سنوری پارێزگای دهۆکەوە و پاشان کاریگەریەکانی لە ئێوارە و شەودا درێژ ئەبێتەوە بۆ سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان ، ئەم قۆناغە لەهاتنی بارستە هەوایەکی ساردتر پێکدێت کەسەرچاوەکەی جەمسەری باکورە لەگەڵ کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەراست کە لەئەنجامدا ئەبێتە هۆی شەپۆلێکی بەفر بارین و سەرما بۆ تەواوی ناوچە شاخاویەکان و زۆربەی سەنتەری شارەکانیش لەم قۆناغەدا بەفر ئەبارێت لەگەڵ نزمبوونەوەی زیاتری پلەکانی گەرما بەرێژەی ٣ تا ٥ پلە و چالاکبوونەوەی بای باشور بەخێرای ١٥ - ٣٠کم لە کاتژمێرێکدا کاریگەری ئەم شەپۆلە تا بەرەبەیانی رۆژی سێشەمە بەردەوامی ئەبێت و پلەکانی گەرماش لە رۆژی سێشەمە زیاتر نزمدەبنەوە و شەختە و بەستەڵەک دروستەبێت" . 


ئاشکراشی دەکات کە " سنوری پارێزگای دهۆک لەکاتەکانی سبەی نیوەرۆوە دەستپێدەکات و جگە لەناوچە شاخاویەکان راستەوخۆ بەفر سەنتەری شاری دهۆک و زاخۆ ئەگرێتەوە لەگەڵ تەواوی ئەو شار و شوێنانەی لە سنوری پارێزگاکە بەرزیان لە ٤٠٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە زیاترە ، رێژەی بەفر بارین لەسەنتەری دهۆک و زاخۆ ١٠ - ٢٠ سم ، لەناوچە شاخاویەکان ٢٠ - ٣٠ سم لەشەودا شەپۆلەکە لە سنوری دهۆک کۆتای پێدێت ".

  دەشڵێت" سنوری پارێزگای هەولێر سبەی نزیک کاتی ئێوارە دەستپێدەکات لەسەرجەم ناوچە شاخاویەکان و سنوری ئیدارەی سۆران بەفر ئەبارێت و لەسەنتەری پارێزگا بارانێکی مامناوەند ئەبێت و بەگشتی لە بەرزی ٥٠٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەفر ئەبارێت پاشان لەکاتی لاوازبوونی شەپۆلەکە لەکاتەکانی شەودا پلەکانی گەرما زیاتر نزمدەبنەوە و ئەگەر هەیە لەسەنتەری شاری هەولێر و شوێنە نزمەکانیش بەفرێکی کەم ببارێت بەرێژەی ١ - ٢ سم ، لەناوچە شاخاویەکانی پارێزگاکە و بەگشتی ئیدارەی سۆران ئەگەری بارینی ١٥ - ٣٠ سم هەیە و لە بەرەبەیانی سێشەمە کۆتای پێدێت " 

ئەو کەشناسە دەشڵێت" سنوری ئیدارەی راپەرین سبەی کاتەکانی ئێوارە دەستپێدەکات لەسەرجەم شوێن و ناوچەکانی ئیدارەکە لەبەرزی ٤٠٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەفر ئەبارێت بۆ نمونە لە سەنتەری ڕانیە و قەڵادزێ و کۆیە و حاجیاوا و سەنگەسەر و دووکان و چوارقورنە و سەروچاوە  ، رێژەی بەفر بارین لەسنوری ئیدارەی راپەرین ١٥ - ٤٠ سم لە بەرەبەیانی سێشەمە کۆتای پێدێت" .

ئاماژەی بەوەشکردوە سنوری پارێزگای سلێمانی سبەی ئێوارە دەستپێدەکات و جیا لەناوچە شاخاویەکان راستەوخۆ بەفر لە سەنتەری شاری سلێمانی و سەرجەم ئەو شوێنانەی بەرزیان زیاترە لە ٦٠٠م  لەئاستی ڕووی دەریا ئەبارێت ، پاشان لەکۆتای شەپۆلەکەدا لەبەرەبەیانی رۆژی  سێشەمە بەفر لە شوێنە نزمەکانی پارێزگاکەش ئەبارێت ، رێژەی بەفر بۆ سەنتەری شاری سلێمانی ١٠ - ٢٠ سم ، لەسەنتەری شاری پێنجوێن و تەواوی ناوچە شاخاویەکانی پارێزگاکە ٢٠ - ٣٥ سم ، لەچەمچەماڵ لە شوێنەکانی دیکە پارێزگاکەش ٥ - ١٠ سم و پێش نیوەرۆی رۆژی سێشەمە کۆتای پێدێت .

 دەشڵێت" سنوری پارێزگای هەڵەبجە سبەی لەکاتەکانی شەو دەستپێدەکات و لەناوچە شاخاویەکان لەبەرزی ٨٠٠ مەتر لەئاستی ڕووی دەریاوە بەفر ئەبارێت و لەسەنتەری پارێزگا و شوێنە نزمەکان بارانی مامناوەند و پچر پچر ئەبارێت و پاشان لەکۆتای شەپۆلەکە و لاوازبوونی لەسەنتەری شاری هەڵەبجە و ئەو شوێنانەی بەرزیان زیاترە لە ٦٠٠ بەفرێکی کەم ئەبارێت و پێش نیوەرۆی سێشەمە کۆتای پێدێت ، رێژەی بەفر لەناوچە شاخاویەکانی پارێزگاکە ١٠ - ٢٥ سم .

ئاشکراشی دەکات " سنوری ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای کەرکوک سبەی ئێوارە دەستپێدەکات و پێشبینی بارانی مامناوەند و پچر پچر دەکرێت بەرێژەی ٦ - ١٥ ملم و لەکۆتای شەپۆلەکە لە بەرەبەیانی رۆژی سێشەمە لەبەرزایەکانی باکوری گەرمیان لەبەرزی ٦٠٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریا بەفرێکی کەم ئەبارێت و پاشان کۆتای پێدێت .

" لەدوای کۆتای هاتنی ئەم قۆناغەی شەپۆلەکە رۆژانی سێشەمە و چوارشەمە پلەکانی گەرما بەرێژەیەکی بەرچاو نزمدەبنەوە و لەسەنتەری پارێزگاکان بەرزترین پلەی گەرمی لەنێوان ٢ بۆ ٤ پلەی سەدی ئەبێت و نزمترین ٣ تا ٥ پلە بۆ خوار سفر نزمدەبنەوە ، لەناوچە شاخاویەکانیش بەگشتی بەرزترین پلە ٢ بۆ ٣ پلە لەخوار سفر ئەبن و نزمترین ٨ بۆ ١٥ پلە لەخوار سفر بۆیە لە زۆربەی شوێنەکان شەختە و بەستەڵەک دروست ئەبێت لەگەڵ بەستنی رێگاکان ، قۆناغی کۆتای ئەم شەپۆلە لە کۆتای هەفتەوە دەستپێدەکاتەوە لەرۆژانی پێنجشەمە و هەینی ٢/١/٢٠٢٦ جارێکی دیکە شەپۆلێکی بەفر و بارانبارین ناوچەکانمان دەگرێتەوە "( ئەو کەشناسە وای وت).






AM:11:46:28/12/2025