بەهۆی شەپۆلی بەفربارینەوە لە قەزای سۆران لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا چەندین ڕوداوی جیاجیا ڕویان داوە و هۆشداری توندیش دەدرێت بە شۆفێران.
یەک شەممە، ٢٨ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، موقەدەم کاروان میراودەلی، بەڕێوبەری بەرگری شارستانی سۆران، هۆشداری دەداتە شۆفێران و ڕایگەیاند "رێگای سۆران بۆ سیدەکان لە لۆفەکانی سەری بەرد ئاستەنگی زۆری بۆ هاتوچۆ دروست کردووە، داوا لە شوفێران دەکەین هەوڵ نەدەن ئەم ڕێگایە بەکاربهێنن، بەتایبەت ئۆتۆمبێلە بچوکەکان، لە دوای داهاتنی شەو، پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفر دادەبەزن و ڕێگاکە بە تەواوی دەیبەستێت، بۆیە تکایە بۆ سەلامەتی گیانی خۆتان و سەرنشینان پابەندی ڕێنماییەکان بن".
موقەدەم کاروان میراودەلی، ئاماری ڕوداوەکانی ٢٤ کاتژمێری ڕابردووی بەم شێوەیە بڵاوکردوەتەوە:
- ڕزگارکردنی سەرنشینانی چەندین ئۆتۆمبێل کە لە چیای حەسەن بەگ و چیای زۆزک کە لە ناو بەفردا گیریان خواردبوو.
- ڕزگارکردنی ٢٠ ئۆتۆمبێل لە دۆڵی ئالانە.
- لە ناحیەی مەزنێ، بەهۆی بارانبارینەوە شاخ و ڕێگای پشت ماڵی هاووڵاتییەک داڕماوە و مەترسی لەسەر ڕووخانی خانووەکەی دروستکردووە.
-لە قەزای سیدەکان، حەوت هاووڵاتی لەنێو بەفردا گیریان خواردووە و هەوڵەکانی تیمەکانیان بۆ ڕزگارکردنیان بەردەوامە، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد "دەنگۆی ونبوونی چەند هاووڵاتییەکی دیکە هەیە، بەڵام تائێستا پشتڕاست نەکراوەتەوە".
- ئێوارەی ئەمڕۆ ئاگادارکراونەتەوە کە چەند کەسێک لە گۆمی فێڵاو لە قەزای چۆمان گیریان خواردووە و داوای بەهاناوەچوون دەکەن.
- جگە لەمانەش، چەند ڕووداوێکی بچووکی ئاگرکەوتنەوەش هەبوون.