پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ گەڕی سێیەمی هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان، شەخەوان عەبدوڵای کشاندەوە و فەرهاد ئەتروشی خستە جێگای.
سێ شەممە، ٣٠ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، دوای ئەوەی لە گەڕی یەکەم و دووەمی هەڵبژاردن بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان نەیتوانی سەرکەوتوو بێت، پارتی دیموکراتی کوردستان فەرهاد ئەتروشی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتەکەی کردە جێگرەوەی شاخەوان عەبدوڵا، ئەحمەدی حاجی ڕەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، بە میدیاکانی ڕاگەیاند "شاخەوان عەبدوڵا نوسراوی دەست لە کارکێشانەوەی بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان پێشکەشکردوە".
بە پێی زانیارییەکانی میدیاکانی پارتی تا ئێستا دیار نییە، پارتی کام پەرلەمانتارە لە شوێنی فەرهاد ئەتروشی دەکاتە سەرۆکی فراکسیۆنەکەی.
ئەم گۆڕانکاریانە دوای ئەوە دێت کە لە دانیشتنی یەکەمی خولی شەشەم کە دوێنی بەڕێوەچوو، هەر یەک لە سەرۆکی پەرلەمان و جێگری یەکەمی بە گەڕی یەکەم هەڵبژێردران، بەڵام جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران تا ئەم کاتە هەڵنەبژێردراوە، کە دوو کورد ڕکابەریان لەسەر پۆستەکە دەکرد، لە گەڕی یەکەمدا ڕێبوار کەریم، بەربژێری ڕەوتی هەڵوێست توانی ١٥٣ دەنگ و لە گەڕی دووەم ١٥٦ دەنگ بە دەست بهێنێت، لە بەرامبەردا بەربژێرەکەی پارتی، شاخەوان عەبدوڵا، لە گەڕی یەکەم ١١٧ دەنگ، لە گەڕی دووەم ١٠٣ دەنگی بە دەستهێنا، بەم ئەنجامەش هەڵبژاردنەکە کەوتە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ و بۆ سەرکەوتنی هەر بەبژێرێک پێویستە بتوانێت ١٦٦ دەنگ بەدەست بهێنێت.