سێ ڕاوچی دەستگیر دەکرێن

‌وێنەی کەرەستەی ڕاوچیەکان و ئەو باڵندانەی ڕاوکراون

ئاسایشی سەنگەسەر بڵاویکردوەتەوە کە هێزەکانیان سێ ڕاوچییان دەستگیرکردوە و دەستیان بەسەر کەلوپەلەکانیشیاندا گرتوە.

پێنج شەممە، ١ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، ئاسایشی سەنگەسەری سەر بە ئیدارەی ڕاپەڕین ڕایگەیاند " لە درێژەی چالاکییە بەردەوامەکانماندا بۆ ڕێگرییکردن لە سەرپێچی و پاراستنی ژینگە، توانیمان سێ هاوڵاتی دەستگیر بکەین، کە لە بناری قەندیل خەریکی ڕاوکردنی باڵندە کێوییەکان بوون، دەستگیراوە بەسەر ئۆتۆمبێلێک کە بۆ مەبەستی ڕاوەکە بەکارهاتوە، چوار چەکی جۆری تاپڕ و سێ کەوی کوژراو و چەندین کەلوپەلی دیکەی ڕاوکردن".

لە بارەی چارەنووسی ڕاوچییەکانەوە ئاسایشی سەنگەسەر دەڵێت " تۆمەتباران و کەلوپەلەکان ڕادەستی بنکەی پۆلیسی دارستانی سەنگەسەر کران و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کرایەوە تا ڕێکاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتە بەر".

٣١ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، فەرمان فازڵ، بەڕێوبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان ڕایگەیاند " بەشێوەیەکی گشتیی ڕاوکردن لە ساڵی ٢٠٢٥، بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٤، زۆر کەمیکردووە، ئەمەش بەهۆی هۆشیاری هاووڵاتییان و توندکردنی سزا لەسەر ڕاوچییەکان، لە پێناو هێشتنەوەی سرووشت و ژینگەیەکی جوان".

ساڵی ٢٠٢٤ زیاتر لە ٥٠٠ ڕاوچی سزادراون و دەستگیرکراون، وە هەر کەسێک بە هۆی ڕاوەوە دەستگیر بکرێت بڕی ١٠ ملیۆن تا ٢٥ ملیۆن دیناری عێراقی بە پێبژاردن سزا دەدرێت.






PM:08:35:01/01/2026