لە کۆتا ساتەکانی داخستنی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، پارتی و یەکێتی ناوی دوو بەربژێری جیایان بۆ وەرگرتنی پۆستەکە تۆمارکرد.
دوو شەممە، ٥ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، کاروان گەزنەیی، وتەبێژی یەكیتی ڕایگەیاند "نزار ئامێدی تاکە بەربژێری یەکێتییە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق"، کاتژمێرێک دواتر لە بارەی بەربژێری پارتیەوە، شاخەوان عەبدوڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند "فواد حسێن بەربژێری پارتییە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق".
٣٠ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، 'سپی میدیا' وەک یەکەم میدیا بڵاویکردەوە کە نزار ئامێدی بەربژێری یەکێتیە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق.
ئەمڕۆ کۆتا کاتی ناو تۆمارکردن بوو بۆ پۆستی خۆپاڵاوتنی سەرۆک کۆماری عێراق و زیاتر لە ٤٠ کەس ڕکابەری بۆ بە دەست هێنانی ئەم پۆستە دەکەن.
زانیاری کەسی لەبارەی بەربژێرەکانی پارتی و یەکێتی:
فواد حسێن
-دکتۆرای لە زانستی سیاسی لە وڵاتی هۆڵەندا بەدەست هێناوە.
-١٩٤٩ لە خانەقین لە دایکبووە.
- ١٩٦٧ دەبێت بە ئەندامی یەکێتی قوتابیان.
-١٩٧٤ بووەتە پێشمەرگە.
-١٩٧٦ سکرتێری کۆمەڵەی خوێندکاران لە دەرەوە.
-١٩٧٨ ئەندامی پەیمانگای کوردی لە پاریس.
-لە ١٩٨٤ وازی لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هێناوە و وەک کەسایەتییەکی سیاسیی سەربەخۆ لە کاری سیاسی بەردەوام بووە.
- ساڵانی ١٩٨٤ - ١٩٩٥ مامۆستا بووە لە ئەکادیمیای زانستە کۆمەڵایەتییەکان.
- ساڵی ٢٠٠٥ لەگەڵ دامەزراندنی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بووەتە سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان.
-٢٠١٨ وەزیری دارایی عێراق.
-٢٠٢٠ وەزیری دەوەی عێراق.
-٢٠٢٥ سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان.
-زمانی کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی، هۆڵەندی دەزانێت.
نزارمحەمەد سەعید (نزار ئامێدی)
-بە کالۆریۆس لە ئەندازیاری میکانیک.
-١٩٦٨ لە ئامێدی لە دایکبووە.
- ١٩٩٣ خوێندنی لە زانکۆی موسڵ تەواو کردوە.
- ١٩٩٣ تا ٢٠٠٣ لە مەکتەبی سکرتارییەتی جەلال تاڵەبانی کاری کردوە.
-ساڵی ٢٠٢٢ تا ٢٠٢٤ وەزیری ژینگەی عێراق بوە.
- لە کاتی سەرۆک کۆماری ،جەلال تاڵەبانی، فواد مەعسوم، بەرهەم ساڵح، بەرپرسی نوسینگەی سەرۆک کۆمار بووە.
- بەرپرسی نوسینگەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە بەغداد.
- ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی.
- زمانی کوردی و عەرەبی دەزانێت.
بە پێی دەستوری عێراق دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق، لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا دەبێت سەرۆک کۆمار هەڵببژێردرێت.
ڕۆژی ٣١ کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق کرایەوە و تا کاتژمێر ٣:٠٠ ئەمڕۆ کراوەبوو.