نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا، لە شاری دیمەشق لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سووریا کۆبووەوە.
تۆم باراک، پەیامێکی گرنگی دۆناڵد ترەمپی گەیاندە حکومەتی نوێی ئەو وڵاتە، یەکێک لە گرنگترین تەوەرەکانی پەیامەکەی ترەمپ، پرسی ئابوری و ئاوەدانکردنەوە بوو. سەرۆکی ئەمریکا ئامادەیی نیشانداوە بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر سوریا، ئەم هەنگاوە بە ئامانجی ڕەخساندنی دەرفەتە بۆ حکومەتی کاتی ئەحمەد شەرع تا بتوانێت ژێرخانی وڵاتەکە بونیاد بنێتەوە و سەقامگیریی ئابووری بگەڕێنێتەوە.
واشنتن لە پەیامەکەیدا مەرجێکی سیاسی ڕوونی داناوە، سوریای داهاتوو دەبێت وڵاتی هەمووان بێت، ئەمریکا جەختی کردووەتەوە کە پێویستە ڕێز لە فرەیی نەتەوەیی و ئاینی بگیرێت، بە تایبەت جەخت لەسەر مافەکانی کورد، عەرەب، دروز و مەسیحییەکان کراوەتەوە. واشنتن داوا دەکات ئەم پێکهاتانە نەک تەنها لە پاراستنی کەرامەتیان، بەڵکو لە بەشداریی کارا و ڕاستەقینە لە ناوەندی بڕیار و دەسەڵاتدا هاوبەش بن، بۆ ئەوەی ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی دیکتاتۆرییەت بگیرێت.
لە بارەی دۆخی سەربازییەوە، هەردوولا پابەندبوونی خۆیان بە ڕێککەوتنی ئازاری ٢٠٢٥ دووپاتکردەوە و یەکخستنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە ناو چوارچێوەی سوپای نیشتمانیی سووریادا.
ئەمریکا جەختی کردووەتەوە کە دەبێت لەم پرۆسەیەدا مافی کورد پارێزراو بێت و نێردەی ئەمریکا بە ڕاشکاوی ستایشی قوربانییەکانی هەسەدەی کرد لە شەڕی دژی داعش و ڕایگەیاند کە نابێت ئەو مێژووە پشتگوێ بخرێت.
تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان، دۆخی نالەباری شاری حەلەب بوو. تۆم باراک نیگەرانی قووڵی ئیدارەی ترەمپی گەیاندە ئەحمەد شەرع سەبارەت بە شەڕی ئەو ناوچەیە. واشنتن هۆشداری دەدات کە بەردەوامی توندوتیژی لە حەلەب دەبێتە لەمپەر لەبەردەم جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە سیاسییەکان ودەرگا بۆ دەستێوەردانی وڵاتانی زیاتر دەکات.
هاوکات، تیمی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی مارکۆ ڕۆبیۆ، ئامادەیی تەواوی نیشانداوە بۆ ئەوەی وەک ناوبژیوان و ئاسانکار کاربکات لە نێوان دیمەشق و هەسەدە. ئامانجەکە گەیشتنە بە قۆناغی "یەکپارچەیی تەواو" کە تێیدا هیچ هێزێکی چەکدار لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت نەمێنێت و سەروەریی خاکی سوریا بەتەواوی بگەڕێتەوە.