ئەنجومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە ئاگربەستی کاتییان ڕاگەیاند

ئەنجومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب، گەیشتنیان بە ڕێککەوتنێکی ئاگربەست لە چەند ناوچەیەکی ئەو دوو گەڕەکە ڕاگەیاند. 

ئەنجومەنەکە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئامانجی سەرەکی لەم ئاگربەستە، ڕەخساندنی دەرفەتە بۆ تیمە پزیشکی و مرۆییەکان تا بتوانن برینداران، ئافرەتان و منداڵان لە ناوچە گەمارۆدراوەکان بگوازنەوە. 

بەتایبەتی مەبەست لێی گواستنەوەی ئەو کەسانەیە کە لە ناو "نەخۆشخانەی خالید فەجر" لە گەڕەکی شێخ مەقسود گیریان خواردووە و پێویستیان بە هاوکاری بەپەلە هەیە.

ئەم ڕێککەوتنە دوای ئەوە دێت کە لە ٦ی کانوونی دووەمەوە، هەردوو گەڕەکەکە ڕووبەڕووی هێرشی توندی هێزەکانی حکومەت بوونەتەوە. 

لەو بارەیەوە عەزام غەریب، پارێزگاری حەلەب، ئاشکرای کردووە کە بەهۆی توندبوونی شەڕەکانەوە نزیکەی ١٥٥ هەزار کەس لە دانیشتووانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە ئاوارە بوون و پەنایان بۆ گوند و ناوچەکانی دەوروبەری حەلەب بردووە.




AM:12:16:11/01/2026