ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بڵاویکردەوە'' لە ماوەی دوو هەفتەی خۆپیشاندانەکاندا کوژرانی ١٩٢ کەس پشتڕاستکراوەتەوە.''
ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕاپۆرتی نافەرمی باس لە کوژرانی زیاتر لە ٢٠٠٠ کەس دەکەن، بەڵام بەهۆی پچڕانی پەیوەندییەکانەوە پشتڕاستکردنەوەیان زەحمەتە.
لەلای خۆشیەوە، پێگەی "نێت بلۆکس" ڕایگەیاند '' بڕینی ئینتەرنێت لە ئێران ٧٢ سەعاتی تێپەڕاندووە و دەستڕاگەیشتن بە جیهانی دەرەوە بۆ ١٪ کەمبووەتەوە. ئەم هەنگاوە وەک هەوڵێک بۆ شاردنەوەی ئاستی توندوتیژییەکان و سەرکوتکارییە خوێناوییەکان لەلایەن حکومەتەوە دەبینرێت.''
هاوکات، شایەتحاڵەکان لە شارە جیاوازەکانی وەک کەرەج، ئەردەبیل و مەشهەد باس لەوە دەکەن کە هێزە ئەمنییەکان ڕاستەوخۆ گوللـە بەکاردەهێنن.
هەروەها باس لەوە دەکرێت کە هێزە ئەمنییەکان لەناو نەخۆشخانەکان جێگیر بوون بۆ دەستگیرکردنی بریندارەکان و ڕادەستنەکردنەوەی تەرمی کوژراوەکان.
لە ئێستادا، ڕێکخراوەکانی لێبوردنی نێودەوڵەتی و هیومان ڕایتس وۆچ هۆشداری دەدەن لەوەی ئێران دەستی بە سەرکوتکارییەکی "خوێناوی" کردووە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران داوای دەستوەردانی دەستبەجێی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات بۆ ڕێگری لە لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی دەستگیرکراوان.