هەسەدە: لە دێرەزوور هێرشکراوەتە سەر خاڵێکی سەربازیمان

هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند'' خاڵە سەربازییەکانیان لە دێرەزوور لەلایەن گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سوریا هێرشیان کراوەتە سەر.''

هەسەدە لە بەیاننامەیەکدا باسی لەوەکرد، گروپە چەکدارەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگری سوریا لە بەری تری ڕووباری فوراتەوە، بە چەکی ڕەشاش هێرشیان کردووەتە سەر خاڵە سەربازییەکانیان لە شارۆچکەی "ئەبو حەمام" لە دێرەزوور.

لە بەیاننامەکەی هەسەدەدا، ئاماژە بەوە کراوە کە ئەو هێرشە هیچ برینداربوون و زیانێکی گیانی لە ڕیزەکانی هێزەکانیاندا لێنەکەوتووەتەوە.

هەسەدە جەختی لەوە کردەوە، هێزەکانیان دەستبەجێ وەڵامی سەرچاوەی تەقەکانیان داوەتەوە و ڕووبەڕووی هێرشبەرەکان بوونەتەوە.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە کە هێزەکانیان تەواوی ڕێکارە پێویستەکانیان گرتووەتەبەر بۆ پاراستنی ناوچەکە و دەستەبەرکردنی ئاسایشی خاڵە سەربازییەکان. 




AM:10:09:13/01/2026