هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و باس لە پێشێلکردنی ئاگربەستی ٤٨ کاتژمیڕی دەکات و دەڵیت " حکومەتی کاتیی دیمەشق، هێرشیان کردە سەر چەکدارەکانمان و لە ئەنجامدا چەند شەڕڤانێکمان شەهیدبوون".
شەممە، ١٧ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە، ڕایگەیاند "لە ناوچەی دیبسی ئەفنان لە ڕۆژئاوای ڕەقە، دوای هێرشێکی خیانەتکارانەی هێزەکانی حکومەتی کاتیی دیمەشق بۆ سەر پێگەکانی هێزەکانمان، لە ئەنجامدا پێکدادان و ڕووبەڕووبوونەوە سەریهەڵدا، ئەمەش پێشێلکردنی ئاشکرای ڕێککەوتننامەی نێوەندگیری نێودەوڵەتیی بوو".
لە بارەی پێشیلکردنی ئاگربەستەوە و ژمارەی قوربانیەکان هەسەدە وتویەتی "لە کاتێکدا، لە ڕێککەوتنەکەدا، ئاگربەستێکی ٤٨ کاتژمێری کراوە، بۆ کشانەوەی هێزەکانمان لە شارۆچکەکانی دێرحافر و مەسکەنە، بەڵام حکومەتی کاتیی دیمەشق پێش تەواوبوونی ئەو وادەیە و کشانەوەی کاروانی سەربازیی هێزەکانمان، هێرشیان کردە سەر چەکدارەکانمان و لە ئەنجامدا چەند شەڕڤانێکمان شەهیدبوون".
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا هەسەدە دەڵێت "ئێمە ئەوانەی کە پێشێلی ڕێککەوتنەکەیان کردووە و خیانەتیان لە هێزەکانمان کردووە، بە تەواوی بە بەرپرسیاریان دەزانین لەم دۆخە، هەروەها دەوڵەتە نێونەتەوەییەکانی نێوەندگیر لەم دۆخە بە بەرپرسیار دەزانین، لە بەرامبەر ئەو ڕووداوە، داواش دەکەین دەستوەردانی خێران بکەن بۆ ڕاگرتنی ئەو پێشێلکارییانە و ڕێگریکردن لە تێکهەڵچوون و گرژی زیاتر".