ملازم عومەر: خۆزگە تەمەن و تەندروستی ڕێگای بدامایە و لە ڕۆژئاوا بومایە

‌ئەرشیف، ملازم عومەر


کەسایەتی دیاری سیاسی و پێشمەرگەی دێرین، ملازم عومەر، لە بڵاوکراوەیەکدا لە بارەی چوونی کوڕەکەی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دڵخۆشی خۆی دەربڕیوە و باس لەوە دەکات ئەگەر خۆشی بیتوانیایە بە هەمان شێوە دەچووە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ پاڵپشتی شەڕڤانەکان.

پێنج شەممە، ٢٢ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، عومەر عەبدوڵا، ناسراو بە ملازم عومەر، کەسایەتی دیاری سیاسیەت لە باشوری کوردستان ڕایگەیاند "خۆزگە تەمەن و لەش ساغی ڕێگەیان بدامایە منیش وەک کوڕەکەم لە ڕۆژئاوای کوردستان یەکێ بومایە، وەک ئەوەی لەتەمەنی گەنجیما لە کوردستانی ڕۆژهەڵات کردومە، لە کوردستانی ئەوانیش شانبەشانی ڕۆڵە بەشەرەف و قارەمانەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە سەنگەری شەرەف و پاراستنی کوردستانی ڕۆژئاوا بومایە".

ئەم پەیامەی ملازم عومەر بۆ بەیاری کوڕیەتی کە یەکێکە لەو کەسانەی لە باشورەوە چووەی ڕۆژئاوای کوردستان "بەم تەمەنەی کەهەمە خۆم بە ئاخیر خێر دەزانم و بەخۆم ئەنازم کە تەنها کوڕێکم هەیە و ئەویش سەری باوکی بەرز کردۆتەوە".

لە کۆتایی بڵاوکراوەکەدا هاتووە "ڕێز و خۆشەویستی زۆرم بۆ جەنەرال مەزڵوم عەبدی و هەموو شەڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکرات بژی کورد و کوردستان".

عومەر حاجی عەبدوڵا ناسراوە بە ملازم عومەر، یەكێکە لە پێشمەرگەی مەفرەزە سەرەتاییەکانی باشور دوای نسکۆی ساڵی ١٩٧٥، بەرپرسی بەشی عەسکەری هێزی پێشمەرگەی یەکێتی بووە لە شاخ، دوای ڕاپەڕینیش کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و ماوەیەک وەزیری ناوخۆ و لە کاتێكی دیکەشدا جێگری سەرۆک وەزیران بووە.

دەقی پەیامەکە بەم شێوەیەیە:

پەیامێک لە ملازم عومەرە 
بۆ کوڕە تاقانەو جگەرگۆشەکەم بەیار گیان
وەک هەمیشە بۆ من جێگەی شانازی بویت و سەرم پێت بەرز بوە بەم هەڵوێستە جوانەت زۆر خۆشحاڵ بووم . چونت بۆ ڕۆژ ئاوا خۆت و هاوڕێکانت گەلێ خۆشحاڵم و چاوو دڵی باوکت ڕوون کردەوە. 

سەلمانت بەکردەوە کە نەتەوەکەمان لەکوێ پێویستی بەهاوکاری و هاودەردی بێت بە کردەوە لەگەڵیانی نەک بە قسە . لەهەموشی خۆشتر بەلای منەوە ئەوەیە نەپرست پێکردوم نە ڕە ئی منت وەرگرتوە ڕاستەوخۆ هەڵوێستی کوردانە و مەردانەت بەکردەوە و چونت بۆ ڕۆژئاوا رێگەت گرتۆتە بەر لەگەڵ هاوڕێکانتا بۆ ئەو ڕێگە پیرۆزو شەرافەتە  بۆ هاوکاری و پشتیوانیت بۆ پشتیوانی شەڕڤانانی قارەمان و سەربەرزی هەسەدە. 

حەزدەکەم ئەوە بیر بخەمەوە کاتێ لەکوردستانی ڕۆژهەڵات پێشمەرگە و سەرکردەکانی پێویستیان بەهاوکاری بوو بێ دوودڵی لەگەڵ هێزێکی پێشمەرگەی یەکێتی نیشتمانی کەژمارەمان هەزار و پێنجسەد پێشمەرگە بوو بەفەرمانی سەرکردەمان خوالێخۆش  بوو مام جەلال ئەوەندەی پێمان کرا شانبەشانی پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکرات و کۆمەڵە سەنگەر بە سەنگەر وەک هێزێکی موشتەرەک شەڕمان کردوە. 
ئەوسەرکردانەی حیزبی دیموکرات و کۆمەڵە و یەکێتی نیشتمانی کەبەشداری ئەو شەڕانەیان کردوە ئەگەر لە ژیاندا مابن شایەتی ئەوە ئەدەن کە سەنگەر بە سەنگەر لەگەڵیان بووم و لەدورەوە سەرکردایەتیم نەکردوون. 

لەیادمە ئەوەی سەرکردایەتی هێزەکەی حیزبی دیموکراتی دەکرد سەرگورد کەریم عەلیار بوو. ئەوەی سەرکرداتی هێزەکەی کۆمەڵەشی دەکرد کاک حەمە سور بوو .ئەوان پێشنیاری ئەوەیان کرد کەوا کۆمیتەیەکی نیزامی موشتەرەک دابنێین و من لێپرسراوی ئەو کۆمیتەیە بم و سەرگورد کەریم عەلیار و کاک حەمە سور ئەندامی ئەو کۆمیتەیە بن وە خوالێخۆشبوان مام جەلال و دکتۆر قاسم لو لە پشتی جەبهەکە قیادەی هێزەکانیان دەکردبە اعتباری ئەوەی هێزەکەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە هی هەردوکیان زیاتربوو ناویش لەو هێزەی ئێمە واتا یەکێتی نرا هێزی پشتیوان. ئەوەی لەژیانی خۆمدا شانازیکردنمە بەوەی بۆ پشتیوانی کوردی ڕۆژهەڵات کردومە لەگەڵ فەرماندە و پێشمەرگەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەوکات من لێپرسراوی مەکتەب عەسکەری بووم .خۆزگە تەمەن و لەش ساغی ڕێگەیان بدامایە منیش وەک کوڕەکەم.

لە ڕۆژئاوای کوردستان یەکێ بومایە وەک ئەوەی لەتەمەنی گەنجیما لە کوردستانی ڕۆژهەڵات کردومە لە کوردستانی ئەوانیش شانبەشانی ڕۆڵە بەشەرەف و قارەمانەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە سەنگەری شەرەف و پاراستنی کوردستانی ڕۆژئاوا بومایە. 
بەم تەمەنەی کەهەمە خۆم بە ئاخیر خێر دەزانم و بەخۆم ئەنازم کە تەنها کوڕێکم هەیە و ئەویش سەری باوکی بەرز کردۆتەوە. 
ڕێز و خۆشەویستی زۆرم بۆ جەنەرال مەزڵوم عەبدی و هەموو شەڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکرات 
بژی کورد و کوردستان 
باوکی دڵسۆزت 
ملازم عومەر




PM:11:22:22/01/2026