فەرهاد شامی: هەڵوێستی گەلی کورد گرنگە و دەتوانێت ڕەوتی ڕوداوەکان لەم قۆناغەدا بگۆڕێت

‌فەرهاد شامی- بەرپرسی ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە

بەرپرسی ناوەندی ڕاگەیاندی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی ڕوناهیدا باسی دۆخی ئێستا ڕۆژئاوای کوردستانی کردوە و دەڵێت "مانەوەی خەڵک لە گۆڕەپانەکان و پشتیوانیکردنیان بۆ بەرخودان، زامنی تێپەڕاندنی ئەم دۆخەیە بە سەلامەتی".

چوار شەممە، ٢٨ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، فەرهاد شامی، بەرپرسی ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە ڕایگەیاند "هەڵوێستی گەلی کورد لە رۆژئاوای کوردستان، باشووری کوردستان و ئەورووپا، رۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەیە و دەتوانێت ئاراستە و رەوتی رووداوەکانی ئەم قۆناغە هەستیارە بگۆڕێت".

"ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی رێگەچارەی دیپلۆماسی سەرکەوتوو بێت، دانوستانەکان لە دیمەشق بە چاودێریی نێودەوڵەتی بەڕێوە دەچن و لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەنجامەکان بۆ گەلەکەمان ئاشکرا دەکەین. بەڵام ئەگەر دیپلۆماسی سەرکەوتوو نەبێت، ئەوا بە هیچ شێوەیەک ئامادە نین تەنانەت یەک هەنگاویش بۆ دواوە ناگەڕێینەوە" فەرهاد شامی وا دەڵێت.

لە کۆتایدا بەرپرسەکەی هەسەدە وتویەتی "ئەگەر دوژمن بڕیار بدات دەست بە هێرش بکاتەوە، ئێمە تەنیا بەرگری ناکەین، بەڵکوو شەڕ دەکەین و هەنگاوی گەورە و ستراتیژی دەنێین"، وە داواش لەهاوڵاتیان دەکات کە بەردەوام متمانەیان بە هێزەکەی خۆیان هەبێت و نەکەونە داوی "پڕوپاگەندەوە".

٦ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، گروپە چەکدارەکانی سەر بە شەرع هێرشیان بۆ سەر ئەو ناوچانە دەستپێکرد کە لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدان و ئێستا هێرشەکانیان لەسەر ڕۆژئاوای کوردستانە لە کاتێکدا ئاگربەستی ١٥ ڕۆژە هەیە، بەڵام هەسەدە بەردەوام هۆشداری دەدات کە "گروپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق ئاگربەست پێشێل دەکەن و هێرش دەکەن". 




PM:09:10:28/01/2026