روانگەی سوری: حکومەتی سوریا دەبێت لە هەندێک شوێن بکشێتەوە


بەپێی ئەو رێککەوتنەی لە نێوان کورد و حکومەتی کاتی سوریادا بەمزوانە واژوو دەکرێت چەندان خاڵی گرنگی تێدایە، روانگەی سوریا ئاماژە بەوە دەکات دەبێت حکومەتی سوری هێزەکانی لە شەدادیە پاشەکشە بکات.

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە چەند سەرچاوەیەکەوە پێیان ڕاگەیاندوە، " هەردوو لایەنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی ڕاگواستنی سووریا لە لێواری ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنێکی بەرایی پڕبایەخدان".

" ئەم ڕێککەوتنە گۆڕانکاری بنەڕەتی لە نەخشەی سەربازی، ئەمنی و ئیداری ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا (ناوچە کوردییەکان) دەهێنێتە کایەوە. ( روانگە وا دەڵێت).

بەپێی زانیارییەکانی روانگە، ڕێککەوتنەکە چەند هەنگاوێکی سەربازیی هەستیار لەخۆ دەگرێت، لەوانە:

کشانەوەی هێزەکانی حکومەتی کاتی سوریا لە شاری "شەدادی" و نەچوونی سوپای سووریا بۆ ناوچە کوردییەکان؛ لە بەرامبەردا هێزەکان دەگەڕێنەوە ناو بنکە و سەربازگەکانی پێشویان.

هەروەها هاتووشە " هەسەدە لیستێکی ٢٠ بۆ ٢٥ هەزار شەڕڤانی ئامادە کردووە بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی دوو "لیوا"ی تایبەتدا ببنە بەشێک لە وەزارەتی بەرگری سووریا، بە مەرجێک تایبەتمەندی و پێکهاتەی ڕێکخراوەیی هەسەدە ڕەچاو بکرێت.

 لەلایەکی ترەوە ماڵپەڕی " سپی " زانیوویەتی ژمارەیەکی رەمزی هێزە وەزارەتی ناوخۆی سوریا دەچێتە ناو شارەکانی رۆژئاوای کوردستان، هەروەها دەروازە سنورییەکان، بەڵام ئەم ‌هێزانە رەمزی دەبن و زۆربەی دەسەڵاتەکان لەلای هێزەکانی ئاسایشی کوردان دەبن.( هاوشێوەی پاسەوانی سنوری عێراق لەناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران و تورکیا).

هەروەها لە قۆناغی یەکەمدا هێزەکانی حوکمەتی کاتی لەنێوان ١٠ تا ١٥ کم لە ‌هێزەکانی سوریای دیموکرات دوور دەکەونەوەو دەکشێنەوە.




PM:10:25:29/01/2026