وتەبێژی کۆمیتەی ئازادی زیندانیانی سیاسی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی ئێران ئینتەرناشناڵدا لە شەوی ڕابردوودا، باس لەوە دەکات لە ئێستادا ئێران دەرزی گوماناوی بۆ دەستگیرکراوە بریندارەکان بەکار دەهێنێت و بە فشار خێزانەکانیان بێ دەنگ دەکرێت.
سێ شەممە، ٣ شوبات ٢٠٢٦، شیوا مەحبوبی، وتەبێژی کۆمیتەی ئازادیی زیندانیانی سیاسی و زیندانی سیاسی کورد، ڕایگەیاند "هەرچەند بە هۆکاری نەبوونی ئینتەرنێت و ڕاگرتنی پەیوەندی تەلەفۆنی لە ئێراندا زانیارییەکان زۆرنین و سنوردارن، بەڵام ئەو زانیارییانەی کە بە دەستمان گەیشتوە، بۆ ئەو کەسانەی لەسەر داوای ئازادی دەستگیرکراون لە خۆپیشاندانەکاندا و بریندارن بە زۆر و بە شێوەیەکی گوماناوی دەرزییان لێ دەدرێت، یاخود ئەوانەی ئازاد دەکرێن بەر لە ئازادکردنییان دەرزیان لێ دەدەن، کە کەسێک بەو هۆیەوە دوای ئازادکردنی گیانی لە دەستداوە".
شیوا مەحبوبی دەڵێت "ئەم شێوازە لە توندوتیژی و ئەشکەنجەیەی دەسەڵاتی ئێران ئاشناییە، چونکە لە کاتی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە ساڵی ٢٠٢٣ بە هەمان شێوە ئەم ڕێگایەی بەکار هێناوە، کە ئەم جۆرە ئەشکەنجەیە مەترسیەکەی ئەوەیە کە زیندانییەکان توانای کۆنترۆڵکردنیان نییە".
وتەبێژەکەی ئەو کۆمیتەیە ئاماژەی بەوەشکردوە، کە لە ئێراندا بەهۆی ڕێگری دەسەڵاتەوە هیچ ڕێکخراوێكی مافی مرۆڤ ناتوانێت لێکۆڵینەوە بکات و خێزانی ئەو دەستگیرکراوانەش لە ژێر فشار و هەڕەشەی دەسەڵاتدا ناتوانن قسە بکەن.
لە ڕۆژی ٢٨ کانوونی یەکەم٢٠٢٥، خۆپیشاندان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێکرد و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ باس لە کوشتنی زیاتر لە ١٠ هەزار کەس دەکەن جگە لەوەی ژمارەی بریندار و دەستگیرکراوەکان بە زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس باس دەکرێت، بەڵام بە هۆکاری بڕینی ئینتەرنێت و هێڵەکانی پەیوەندی لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە ئامار و زانیارییەکان بە دروستی ناگەنە دەرەوەی ئێران.