"چوارچێوەی هەماهەنگی مۆڵەتی ٤٨ کاتژمێری داوە بە پارتی و یەکێتی"

‌کۆشکی سەلام، تایبەت بە سەرۆک کۆماری عێراق

وتەبێژی هاوپەیمانی نەسڕ، بە میدیاکانی ڕاگەیاندوە کە چوارچێوەی هەماهەنگی مۆڵەتی ٤٨ کاتژمێری داوە بە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانیان لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار.

سێ شەممە، ٣ شوباتی ٢٠٢٦، عەقیل ڕودەینی، وتەبێژی هاوپەیمانی نەسڕ، وتویەتی یەکێتی و پارتی تا ئێستا پەیوەستن بە بەربژێرەکانی خۆیانەوە، بەڵام کۆبونەوەکان چەند ئاماژەیەکی ئەرێنیان تێدابوە کە لە نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و پارتی و یەکێتیدا ئەنجامدران.

میدیای نزیک لە یەکێتی لەو بارەیەوە بڵاویکردوەتەوە، کە لە کۆبونەوەی نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و یەکێتیدا، یەکێتی سوربوە لەسەر پشتیوانیکردنی بەربژێرەکەیی و مانەوەی. 

پارتی فواد حسێن و یەکێتی نزار ئامێدی بەربژێرکردوە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق.

دوێنێ، ٢ شوبات، شاندێکی چوارچێوەی هەماهەنگی سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و بەجیا  لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی لە هەولێر و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی لە سلێمانی کۆبونەوە، بە پێی ڕاگەیاندراوەکانی دوای کۆبونەوەکەش تەوەری سەرەکی گفتوگۆکان هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆک کۆمار بووە.




PM:04:56:03/02/2026