وەزیری بەرگری تورکیا، ڕایگەیاند'' وڵاتەکەی گەیشتووەتە قۆناغێکی یەکلاکەرەوە لە شەڕی دژی گەریلا و شەڕڤانان، دەبێت یەکینەکانی پاراستنی گەل و هێزەکانی سوریای دیموکرات بە زووترین کات و بەبێ هیچ مەرجێک چەکەکانیان ڕادەست بکەن و کۆتایی بە چالاکییەکانیان بهێنن.''
یەشار گولەر، لە لێدوانێکی نوێدا ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکەی بۆ بنبڕکردنی ئەو هێزانە، لە نزیکەوە لەگەڵ حکومەتی سوریا هەماهەنگی دەکات.
داوای کرد، پێویستە هەسەدە و یەپەگە پابەندی مەرجەکانی ڕێککەوتننامەکانی (١٠ی ئازار و ١٨ی کانوونی یەکەم) بن.
وتیشی'' ئەم هەنگاوە بۆ پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان و یەکپارچەیی خاکی سوریا پێویستە.'' هەروەها وەک بەشێک لە پڕۆژەی "تورکیا دوور لە تیرۆر" وەسفی کرد کە لەلایەن سەرۆکایەتی وڵاتەکەیەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، وەزیری بەرگری تورکیا دووپاتی کردەوە کە ئۆپەراسیۆنە پلان بۆداڕێژراوەکانیان بەبێ پچڕان بەردەوام دەبن.
وتیشی'' تا ئەو کاتەی دڵنیا دەبینەوە کە هیچ مەترسییەک لەسەر وڵاتەکەمان نەماوە و دەگەینە ئاستی تەواوی ئاسایش، لە لێدانی ڕێکخراوەکان نەوەستین."