ئەمڕۆ یەکشەممە، ٨ی شوباتی ٢٠٢٦، بە ئامادەبوونی سەرۆک کۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرکردە سیاسییەکان، هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بە میوانداری محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووەوە. لەم کۆبوونەوەیەدا کۆمەڵێک دۆسیەی گرنگی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی خرانە بەرباس.
هاوپەیمانییەکە بە فەرمی پشتیوانی خۆی بۆ ئەو گفتوگۆ و دیالۆگانە ڕاگەیاند” لە ئێستادا لە نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران لە وڵاتی عومان بەڕێوەدەچن، ئامادەبووان جەختیان لەوە کردەوە کە زمانی دیالۆگ تەنیا ڕێگەیە بۆ پاراستنی ناوچەکە لە مەترسییەکانی جەنگ.”
هاوکات، هاوپەیمانییەکە هەموو جۆرە هەڕەشەیەک کە ئاراستەی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکرێت ڕەتکردەوە و بە کارێکی دژ بە عورفە نێودەوڵەتییەکان وەسفی کرد.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، پرسی تیرۆر و مەترسییەکانی تاوتوێ کرا. هاوپەیمانییەکە بە توندی ئیدانەی هێرشە تیرۆریستییەکەی ئەم دواییەی سەر نوێژخوێنانی شاری ئیسلام ئابادی پاکستانی کرد. سەبارەت بە چەکدارانی دەستگیرکراوی داعش کە لە سووریاوە ڕەوانەی عێراق کراونەتەوە، هاوپەیمانییەکە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بەرپرسیارێتی ئەو چەکدارانە بگرنە ئەستۆ کە ڕەگەزنامەی وڵاتانی تریان هەیە و وەریانبگرنەوە.
جەخت لەسەر چەند خاڵێکی سەرەکی کرایەوە، بۆ چاکسازی ئابووری، کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکان و ڕێگریکردن لە قاچاخچێتی.
بەرەنگاربوونەوەی ڕاکردن لە باج و گومرگ و هاندان بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی، پێویستی یەکخستنی گوتاری ڕاگەیاندن و ڕەفتارە سیاسییەکان بە جۆرێک کە تەنیا لە خزمەت بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراقدا بێت.