بەڕێوەبەری خۆسەر لە کوبانێ جەخت لە بەردەوامی گەمارۆدانی شارەکە دەکاتەوە


نووسینگەی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەریی خۆسەری دیموکرات لە کۆبانێ جەخت دەکاتەوە کە ئەو گەمارۆیەی بەسەر شاری کۆبانێ و گوندەکانیدا سەپێنراوە تا ئێستاش بەردەوامە.

لە راگەیانێکدا کە رۆژی چوار شەممە ١١ ی شوبات بڵاوکرایەوە، ئیدارەی خۆسەری کوبانێ دەڵێت"  لەگەڵ بەردەوامیی پچڕانی ئاو، ئینتەرنێت و زۆرێک لە پێداویستییە بنەڕەتییەکانی ژیان لە ناوچەکەدا بەردەست نییە، ئەمەش بووەتە هۆی گرانتربوونی بارودۆخی ژیانی دانیشتووان".

هەروەها هاتووە " ئەوەی لەم دواییانەدا لەلایەن ژمارەیەک دەزگای ڕاگەیاندنەوە بڵاوکرایەوە و بانگەشەی هەڵگرتنی گەمارۆی سەر شاری کۆبانێ و گوندەکانی دەکرد، دوورە لە ڕاستی و هیچ پەیوەندییەکی بە واقیعەوە نییە، و بە هیچ شێوەیەک خزمەت بە بەرژەوەندی خەڵکی ناوچەکە ناکات؛ بەڵکو ئەمە  خزمەتی ئەو لایەنانە دەکات کە سەر بەحکومەتی راگوزەری سوریایە".

نووسینگەی ڕاگەیاندن بەڕێوەبەری خۆسەر لە کوبانێ  داوا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ناوخۆیی و جیهانی دەکەن کە بەپێی بنەما و بنەڕەتە پیشەییەکان کار بکەن، و وردبن لە گواستنەوە و بڵاوکردنەوەی زانیارییەکانی تایبەت بە ناوچەکە. هەروەها داوا دەکەین بەشدار نەبن لە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاری چەواشەکارانە کە ئامانجیان شاردنەوەی ڕاستی و واقیعی سەر زەوییە".

بەڕێوەبەری خۆسەر لە کوبانێ جەخت دەکاتەوە لەسەر پێویستی هەڵگرتنی ئەو گەمارۆیەی کە لەلایەن هێزە سەربازییەکانی سەر بە حکومەتی راگوزەرەوە لە دیمەشق بەسەر شاری کۆبانێ و دەوروبەریدا سەپێنراوە، بۆ ڕێگریکردن لە خراپتربوونی قەیرانی مرۆیی لە کۆبانێ.




PM:02:53:11/02/2026