وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ میدیای نزیک لە پارتی لە بارەی لێک نزیكبوونەوە و کاری هاوبەشیان لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عیراق قسەی کردوە.
پێنج شەممە، ١٢ شوبات ٢٠٢٦، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند ''وەک قۆناغی یەکەمی کاری هاوبەشمان لەگەڵ پارێزگاری بەسرە ئەم ساڵ ئێمە فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە لە پارێزگای بەسرە دەکەینەوە و ئەوانیش بە هەمانشێوە بۆ خورما دەیانەوێ لە هەرێمی کوردستان فێستیڤاڵێک بەڕێوەببەن".
دوو رۆژە بێگەرد تاڵەبانی بە یاوەریی شاندێک و بە بانگهێشتی فەرمیی ئەسعەد عیدانی، پارێزگاری بەسرە، لەو پارێزگایەیە و لەگەڵ بەرپرسانی ناوچەکە کۆدەبێتەوە، بەوتەی وەزیری کشتوکاڵ، ئامانجیان لە کۆبوونەوەکان فراوانترکردنی لێکتێگەشتنە کشتوکاڵییەکانی نێوانیانە، بە مەبەستی کەمکردنەوەی ئاستەنگەکانی بەردەم هەناردەکردنی بەروبوومە کشتوکاڵییەکانی هەردوولا.