بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، دوای چاودێرییەکی وردی مەیدانی و بەدواداچوونی ورد بۆ چەندین حاڵەتی دزیکردن لە گەڕەکەکانی شارەکە، توانیویانە ناسنامەی دوو تۆمەتبار ئاشکرا بکەن و بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە دەستگیریان بکەن.
ئەو دوو تۆمەتبارە لە سەرەتای ئەمساڵەوە و لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا، زیاتر لە ٤٠ تاوانی دزیکردنی جۆراوجۆریان ئەنجامداوە، کە جێگەی سەرنجە تەنها لە یەک کۆڵانی شاری هەولێردا ٢٩ کردەوەی دزیکردنیان تۆمار کردووە.
بەپێی زانیارییەکانی ئاسایش، تۆمەتبارەکان شەوانە بە ناو کۆڵانەکاندا گەڕاون و ئامانجی سەرەکییان ئەو ئۆتۆمبێلانە بووە کە لەبەردەم ماڵەکاندا ڕاگیراون، بە جۆرێک جامی ئۆتۆمبێلەکانیان شکاندووە و بڕێکی زۆر پارە، چەک و کەلوپەلی گرانبەهای ناو ئۆتۆمبێلەکانیان بردووە.
لە ئێستادا هەردوو دەستگیرکراوەکە بە مەبەستی وەرگرتنی سزای دادپەروەرانە ڕادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکانی یاسا کراون، ئاسایشی هەولێریش جەخت دەکاتەوە کە بەردەوام دەبن لە پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان و ڕووبەڕووبوونەوەی هەر کەسێک کە بیەوێت ئارامیی شار تێک بدات.