بڕیارە سبەینێ دوشەممە ١٥ی کانونی دووەم، وەفدێکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) جارێکی تر ڕوو لە دوورگەی ئیمرالی بکات بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان.
وەفدەکە وەک جارەکانی پێشوو لە هەریەکە لە (پەروین بوڵدان، میتحات سانجار و ئۆزگور فایق ئەڕۆڵ) پێکهاتووە.
ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە دوایین دیداری فەرمی وەفدی دەم پارتی لەگەڵ ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە ١٧ی مانگی ڕابردوودا ئەنجامدرا. ئەم سەردانە بەردەوامیی ئەو زنجیرە هەوڵانەیە کە بۆ دووبارە کردنەوەی دەرگای دیالۆگ لە ئارادان.
سەردانەکە لە کاتێکی هەستیاردا دێت کە پرسی ئاشتی لە تورکیا پەرەسەندنی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە. دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، کە پێشتر بە نەیارێکی سەرسەختی پرسی کورد دەناسرا، ئێستا وەک دەستپێشخەری ئاشتی دەردەکەوێت و بە فەرمی باسی لە ئەگەری ئازادکردنی ئۆجالان و دەمیرتاش کردووە.
جگە لە پرسی ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی، تەوەرێکی تری گفتوگۆکان پەیوەستە بە بارودۆخی سەرۆک شارەوانییە کوردەکان.
باس لەوە دەکرێت کە گەڕانەوەی ئەو بەرپرسانەی لە پۆستەکانیان لادراون و دانانی "قەیوم" بۆیان، بەشێکی سەرەکی دەبێت لەو پاکێجەی کە بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە لە ئارادایە.