هۆشیار زێباری: ئەمریکا هەڕەشەی بڕینی دۆلار و سزادانی بانکی ناوەندی دەکات

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای دەکات، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەمریکییەکان پەیامی توندتر و ڕاشکاوانەیان ئاڕاستەی بەرپرسانی عێراق کردووە و داوایان کردووە بە پەلە دۆخی سیاسی وڵات یەکلا بکرێتەوە. 

هۆشیار زێباری، جەخت دەکاتەوە کە ئەم فشارانە پەیوەندییان بە دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتنەوە نییە، بەڵکو پەیوەستە بە ئەگەری ڕوودانی پێشهاتی کتوپڕ لە ناوچەکەدا کە پێویست دەکات عێراق هەڵوێستی خۆی تێدا ڕوون بکاتەوە.

 زێباری هۆشداری دەدات لەوەی ئەمریکا بە ئاشکرا ڕایگەیاندووە'' مامەڵە لەگەڵ حکومەتێکدا ناکات کە نوێنەری گروپە سزادراوەکانی تێدابێت و ئامادە نییە پارە بداتە دەسەڵاتێک کە سزا نێودەوڵەتییەکان پێشێل بکات.''

 بە وتەی ئەو، ئەگەر ئەو گروپانە بچنە ناو کابینەی نوێ، ئەوا واشنتن سزای توند بەسەر بانکی ناوەندی، کۆمپانیای سۆمۆ و پڕۆسەی هاتنی دۆلار بۆ عێراق دەسەپێنێت، ئەمەش مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئابووری وڵات دروست دەکات.

سەبارەت بە بارودۆخی ڕۆژئاوای کوردستان، زێباری ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە کە باس لە شکستی کورد یان دەستبەرداربوونی ئەمریکا لە هەسەدە دەکەن. ئەو دووپاتی دەکاتەوە کە ئەمریکییەکان هێشتا پشتیوانییەکی گەورەی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکەن و ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە لە ڕاگرتنی پێشڕەوییەکانی سوپای سوریا بەرەو ناوچە کوردییەکان، بە جۆرێک کە هێڵێکی سووریان بۆ دیمەشق کێشاوە و ڕێگرییان لە پەلاماردانی ئەو ناوچانە کردووە.




PM:01:03:17/02/2026