“ڕاپۆرتی پەرلەمانی تورکیا بۆ پرسی کورد دوورە لە ڕاستی و وەڵامدەرەوە نییە”



سەرۆکی پارتی کاری تورکیا (EMEP)، هەڵوێستی پارتەکەی سەبارەت بە ڕاپۆرتی لیژنەی "هاوکاری و برایەتی" ڕاگەیاند کە لە پەرلەمان پەسەند کراوە. 

سەیت ئەسڵان ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم ڕاپۆرتە بە هیچ شێوەیەک گوزارشت لە داواکارییە ڕاستەقینەکانی گەلی کورد ناکات و وەک پارتەکەیان دەنگ بە ڕەتکردنەوەی دەدەن، چونکە پێیان وایە مافە دیموکراتییەکان بنەمای نەگۆڕن و نابێت بکرێنە کەرەستەی دانوستان و سازشی سیاسی.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، سەرۆکی EMEP جەختی لەوە کردەوە، هەر هەوڵێک بۆ چارەسەری دەبێت لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای دەستووری و دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپاوە دەست پێ بکات. 

داوای کرد دەستبەجێ کۆتایی بە زیندانی کردنی سیاسەتمەدارانی دۆسیەی کۆبانێ بهێنرێت و سەڵاحەدین دەمیرتاش، فیگەن یوکسەکداغ، جان ئاتالای و چالاکوانانی پارکی گەزی ئازاد بکرێن، چونکە بەبێ ئازادکردنی دەنگە ناڕازییەکان و ڕۆژنامەنووسان و ڕۆشنبیران، هیچ هەنگاوێکی دیموکراتی متمانەی پێ ناکرێت.

دەقی داواکاری پارتەکە:

١. دەبێت بڕیارەکانی دادگای دەستووری و دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا دەستبەجێ جێبەجێ بکرێن.

٢. دەبێت سیاسەتمەدارە کوردە زیندانیکراوەکانی دۆسیەی کۆبانێ، بەتایبەتی سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هەروەها جان ئاتالای و تەیفون قەهرەمان و خۆپیشاندەرانی پارکی گەزی ئازاد بکرێن.

٣. دەبێت کۆتایی بە سیاسەتی سەپاندنی تاک زمانیی دەوڵەت بهێنرێت، مافی خوێندن بە زمانی دایک و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بە زمانی دایک دانی پێدا بنرێت.

٤. دەبێت کۆتایی بەو پرۆسە دادوەریانە بهێنرێت کە ئۆپۆزسیۆن دەکەنە ئامانج، و دەبێت سەرۆک شارەوانییەکان، سیاسەتمەداران، ڕۆژنامەنووسان، ڕۆشنبیران و هونەرمەندە زیندانیکراوەکان ئازاد بکرێن.

٥. دەبێت سیاسەتی دانانی قەیوم (بەزۆر سەپاندنی بەڕێوەبەر) دەستبەجێ کۆتایی پێبێت و سەرۆک شارەوانییە دوورخراوەکان بۆ پۆستەکانیان بگەڕێندرێنەوە.

٦. دەبێت ئەو ئاستەنگانە لاببرێن کە لە بەردەم ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕیندان، و دەبێت دۆسیە یاساییەکان دژی ڕۆژنامەنووسان هەڵبوەشێندرێنەوە.

٧. دەبێت بەربەستەکانی هەڵبژاردن (بەندی هەڵبژاردن)، مەرجەکانی ئەندامێتی لە سەندیکاکان، قەدەغەی مانگرتن و کۆت و بەندەکانی سەر دانوستانی بە کۆمەڵ هەڵبوەشێندرێنەوە.



AM:10:29:20/02/2026