لەسەروبەندی هاتنی رۆژی جیهانی زمانی دایک، ئایشەگوڵ دۆغان وتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر بارودۆخی زمانی کوردی و جەختی لەوە کردەوە، پێویستە سەرجەم ئەو بەربەستانەی لەبەردەم پەرەپێدانی ئەم زمانەدا دروستکراون لاببرێن و چیتر رێگری لە زمانی ملیۆنان هاووڵاتی کورد نەکرێت چونکە ئەمە مافێکی سەرەتایی و سروشتی گەلی کوردە.
وتەبێژی دەم پارتی ئاماژەی بەوە کرد کە هەڵوێستی پارتەکەیان بۆ پاراستنی زمانی کوردی روون و ئاشکرایە و داوای لە دەسەڵاتدارانی تورکیا کرد کۆتایی بە سیاسەتی قەدەغەکردنی زمانی دایک بهێنن.
وتیشی'' دابینکردنی مافی خوێندن و ئاخافتن بە زمانی کوردی دەبێتە هۆی بەهێزبوونی دیموکراسی و دوورکەوتنەوە لەو ناکۆکییانەی کە ساڵانێکی درێژە بەهۆی پشتگوێخستنی ناسنامەی نەتەوەییەوە دروست بوون.''
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دۆغان جەختی لەوە کردەوە، ئەگەر لە رابردوودا کورد و زمانەکەی رووبەڕووی قەدەغەکردن نەبوایەتەوە ئێستا بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی تورکیا بەم شێوە ئاڵۆزە نەدەبوو، هەر بۆیە داواکاری ملیۆنان کورد ئەوەیە کە زمانی کوردی بە فەرمی بناسرێت و وەک زمانێکی سەرەکی لە دامەزراوەکاندا مامەڵەی لەگەڵ بکرێت بۆ ئەوەی ماف و ئازادییەکان بە یەکسانی بۆ هەمووان دەستەبەر بکرێن.
سبەی رۆژی ٢١ی شوباتی هەموو ساڵێک لەلایەن رێکخراوی یۆنسکۆوە وەک رۆژی جیهانی زمانی دایک دیاریکراوە و بەم بۆنەیەشەوە ساڵانە لە تورکیا و باکووری کوردستان چەندین چالاکی و گردبوونەوەی جەماوەری بەڕێوەدەچن کە تێیاندا جەخت لە پاراستنی زمانی کوردی و بەدەستهێنانی مافی خوێندن بە زمانی دایک دەکرێتەوە وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ چەسپاندنی ئاشتی و پێکەوەژیان.