پەرلەمانتارانی دەم پارتی ڕەشنووسی یاسایەکیان بە زاراوەی کرمانجی- زازاکی ئامادەکرد و پێشکەشی پەرلەمانی تورکیایان کرد، بۆ یەکەمجار لەلایەن پەرلەمانی تورکیاوە کە زمانی کوردی بە "زمانێکی نەناسراو" ناساندوە ڕەشنووسەکە بە کوردی قبوڵکرا.
شەممە ٢١ شوبات ٢٠٢٦، ڕۆژنامەی ئازادیی وڵات، بڵاویکردوە "لە مێژووی سیاسیی تورکیادا هەنگاوێکی مێژوویی لە بواری زمانەوانییدا نرا، بە هاوکاریی ئەنجوومەنی زمانی کرمانجکی (زازاکی) پەرلەمانتارانی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، ڕەشنووسی لێکۆڵینەوە لە زاراوەی کرمانجکی (زازاکی، دملکی، کردکی)، لەلایەن سەرۆکایەتی پەرلەمانی تورکیاوە قەبووڵ کرا".
لە دەقی ڕەشنووسەکەدا تیشک خراوەتەسەر "مەترسییەکانی سەر زاراوەی کرمانجکی، لە ئەنجامی ئەو وێرانکارییەی بەهۆی مۆدرێرنبوون و شارنشینی و قەدەغەکردنەوە دروستبووە کە ساڵانێکە بەردەوامە، ئەمڕۆ کرمانجکی ڕووبەڕووی پڕۆسەی ئاسمیلاسیۆن (تواندنەوە) بووەتەوە".
ڕەشنووسەکە لەلایەن پەرلەمانتاران، سالیحە ئاکدەنیز پەرلەمانتاری دەم پارتی لە (مێردین)، ئایتەن کۆردو (دێرسیم)، عەدالەت کایا (ئامەد)، چەمگز چیچەک (ئیستەنبووڵ) و عومەر فارووق هولاکو (چەولیگ) ئامادەکراوە.
تا ئێستا قسەکردن و نووسینی کوردیی لە بەڵگەنامە فەرمییەکاندا وەک "زمانێکی نەناسراو" پێناسە کراوە، ئەمە یەکەمجارە نوسینێکی فەرمی کە بە تەواوی بە زمانێکی جیاواز لە تورکی نووسرابێت، بەبێ بەربەست قبووڵ بکرێت، ئەم قبووڵکردنە وەک لەدایکبوونێک بۆ مافە کولتوورییەکان و زمانە مەترسیدارەکان سەیر دەکرێت.