"بە قەزاکردنی گوڵاڵە پلانێکی مەترسیدارە بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە و لاوازکردنی پێگەی کورد"

وەزارەتی پلاندانانی عێراق فەرمانی بەقەزاکردنی گوڵاڵەی دەرکرد و لێپرسراوی مەڵبەندی خانەقینی یەکێتیش دەڵێت" پەنا دەبەینە بەر دادگا بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە."، هاوکات چالاکوانان شارەکە ناڕەزایەتیان بەرامبەر بڕیارە دەربڕی و دەڵێن" هیچ بنەمایەکی یاسایی و کارگێڕی نییە و تەنیا ئامانج لێی بچووککردنەوەی سنووری شارۆچکەی خانەقینە".

ئەمڕۆ دووشەممە  لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری خانەقین، نوێنەری لایەنە کوردییەکان، کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان و چالاکوانانی شارەکە، بێزاری خۆیان لە بڕیاری بە شارۆچکە کردنی هەردوو ناحیەی "گوڵاڵە (جەلەولا) و قەرەتەپە" دەربڕی و رایانگەیاند"  ئەم بڕیارەی حکوومەتی فیدراڵ هیچ بنەمایەکی یاسایی و کارگێڕی نییە و تەنیا ئامانج لێی بچووککردنەوەی سنووری شارۆچکەی خانەقینە".

 ئاماژەیان بەوەش کرد، خانەقین لە گەورەترین شارۆچکەی پارێزگای دیالەوە، ئێستا خەریکە دەکرێتە شارۆچکەیەک کە هیچ شارەدێیەک بەسەرەوە نەمێنێت، دوای ئەوەی شارەدێیەکانی بەمۆ، جەبارە، سەعدیە و ئێستاش گوڵاڵە و قەرەتەپەی لێ جیا دەکرێتەوە.

دەشڵێن "ئەمە پلانێکی مەترسیدارە بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە و لاوازکردنی پێگەی کورد. مۆڵەتی ٤٨ کاتژمێر دەدەینە لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم بڕیارە، بە پێچەوانەوە دەست بە خۆپیشاندان و چالاکی مەدەنی فراوان دەکەین".

هاوکات لایخۆشیەوە شێرکۆ میروەیس، لێپرسراوی مەڵبەندی خانەقینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە میدیای حزبەکەی ڕاگەیاند" ئەم بڕیارە گوزارشت لە خواستی دانیشتووانی ناوچەکە ناکات. ئاماژەی بەوەش کرد کە لایەنە کوردییەکان پەنا دەبەنە بەر دادگا بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە لە ڕێگەی یاساییەوە".

میروەیس هۆشداریشی دا کە هەوڵێکی دیکە لە ئارادایە بۆ ئەوەی ٢٥ گوندی سەر بە خانەقین بکرێنە شارەدێ و بخرێنە سەر پارێزگای دیالە.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە دوێنێ یەکشەممە، ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە کۆبووەوە و لە کۆی ١٥ ئەندامی ئەنجوومەنەکە، ٩ ئەندامیان دەنگیان دژی بە قەزاکردنی گوڵاڵە و گواستنەوەی بۆ سەر پارێزگای دیالە دا.




PM:01:24:23/02/2026