سلێمانی.. موەلیدە ئەهلییەکان دەست دەکەنەوە بە کار کردن

قایمقامیەتی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند''  لەگەڵ خاوەن موەلیدە ئەهلییەکان گەیشتوونەتە ڕێککەوتن و لە ئێوارەی ئەمڕۆوە سەرجەم موەلیدەکان دەست بە کارکردن دەکەنەوە بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی لە کارەبای نیشتمانیدا دروست بووە.''

 بەپێی خشتە نوێیەکە، موەلیدەکان لە دوو کاتی جیاوازدا کار دەکەن، یەکەمیان لە کاتژمێر ٤ی ئێوارەوە تاوەکو ١ی شەو دەبێت، قۆناغی دووەمیش لە کاتژمێر ٤ی بەیانییەوە دەست پێ دەکات و تاوەکو ٥:٣٠ی بەیانی بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی هاووڵاتیان لەو کاتانەدا بێ کارەبا نەمێننەوە.

قایمقامیەت جەختی لەوە کردووەتەوە کەمی میکانیزمی دیاریکردنی نرخەکان وەک ڕابردوو دەبێت و هاووڵاتیان پارەکە ڕاستەوخۆ دەدەنە خاوەن موەلیدەکان، لە هەمان کاتدا فەرمانگەی کارەبا و قایمقامیەت بەردەوام دەبن لە چاودێریکردن و سەرپەرشتیکردنی پرۆسەکە بۆ ڕێگریکردن لە هەر پێشێلکارییەک.

بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی کێشەی بڕانی کارەبا، کۆبوونەوەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان بە کراوەیی دەمێننەوە، هەروەها داوا لەو هاووڵاتیانە کراوە کە پێویستیان بە کارەبای موەلیدە نییە، پێشوەختە خاوەن موەلیدەکان ئاگادار بکەنەوە تاوەکو ناویان لە لیستەکەدا لاببرێت.


لەلای خۆشیەوە، خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر، رایگەیاند'' ئەمشەو ٤٠٪ی موەلیدەکانمان خستەوە کار و دواتر ئەوانی دیکەش کاریان پێدەکرێت".
 
وتیشی'' خستنەوە کاری موەلیدەکان دەبێت بە رەزامەندی دانیشتووانی گەڕەکەکان بێت، چونکە دەبێت خۆیان پارە بدەن و ١٢٥٠ موەلیدە لە سەنتەری شاری هەولێر هەن.''

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ هەر ئەمپێرێک ٥ هەزار دینار لە هاوبەشان وەردەگرین، لە بەرامبەردا نزیکەی ٥٠ کاژێر کارەبا دابیندەکەن. 



AM:11:50:03/03/2026