هەولێر.. درۆنێک لە ئاسمان تێکشکێنرا

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە درۆنێک لە ئاسمانی شاری هەولێر تێکشکا و لە نزیک ناوچەی گردجووتیار و عەنکاوە کەوتە خوارەوە.
 
 بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی بەدواوە نەبووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەر ئەمڕۆ دوو درۆنی دیکە لە سنووری قەزای چۆمان کەوتوونەتە خوارەوە و یەکێکیان زیانی ماددی بە باڵەخانەی چاودێریی کۆمەڵایەتی گەیاندووە و ئەوی دیکەشیان لە نزیک گوندی وەردە نیشتووەتەوە.

ئەم پەرەسەندنە ئەمنییانە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لە دوای هێرشەکانی ٢٨ـی شوباتی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران پشێوییەکی گەورەی بەخۆوە بینیوە، بە جۆرێک کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگەی بە ئامانجگرتنی بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە، ئەم ململانێیە راستەوخۆ کاردانەوەی لەسەر هەرێمی کوردستان هەبووە و بووەتە هۆی دروستبوونی مەترسی لەسەر ئاسایشی ناوچە جیاجیاکان.

لەو چوارچێوەیەدا و لە ماوەی چەند رۆژی ڕابردوودا فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و کۆنسووڵخانەی ئەمریکا و چەندین ناوچەی دیکە لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک بە درۆن و مووشەک کراونەتە ئامانج. 




PM:08:59:07/03/2026