کەشناسێک بڵاویکردەوە” لە نێوان ١٢ بۆ ٢٤ی ئازاری ٢٠٢٦، ناوچەکە ڕووبەڕووی گۆڕانکارییەکی کوتوپڕی کەشوهەوا دەبێتەوە کە هاوشێوەی ئەو بارانە لێزمە و کاریگەرەیە کە لە مانگی ١٢ی ڕابردوودا باری.”
ئاراس جەبار، ئاماژەی بەوەکردوە، هۆکاری ئەم شەپۆلە دەگەڕێتەوە بۆ هاتنی تەوژمە هەوایەکی زۆر شێدار و گەرم لە ئاوەکانی باشووری زەریای ئەتڵەسیی باکوورەوە، ئەم تەوژمە لە ٩ی مانگەوە لە ڕۆژئاوای ئەفریقاوە دەست پێدەکات و لە ١٢ی مانگ دەگاتە هەرێمی کوردستان و عێراق.
بەهۆی ناجێگیرییەکی توندی بەرگەهەوا، پێشبینی دەکرێت هەورە چڕ و زەبەلاحەکان (سوپەرسێڵ) دروست ببن. ئەم جۆرە هەورانە دەبنە هۆی دابارینی توندی باران و تەرزە لە ماوەیەکی کورتدا، کە مەترسیی دروستبوونی لافاوی خێرا زیاد دەکەن. ئاراس جەبار وەک نموونە ئاماژەی بە لافاوەکەی چەمچەماڵ کرد لە مانگی ١٢ و هۆشداری دەدات کە ئەم شەپۆلە وەک بارانەکانی مانگی ١ و ٢ نییە کە بە یەکسانی دابەش ببن، بەڵکو زۆربەی چڕبوونەوەکان بەهێز و مەترسیدار دەبن.
ئەم شەپۆلە بە یەکێک لە بەهێزترین شەپۆلەکانی وەرزەکە دادەنرێت. پێشبینی دەکرێت لە ماوەی ئەو ١٢ ڕۆژەدا، کەمترین ڕێژەی بارانبارین لە ناوچەکاندا ١٠٠ ملم بێت و لە هەندێک ناوچەی شاخاوی و تایبەتدا لوتکەی دابارین بگاتە سەرووی ٤٠٠ ملم. ئەم بڕە زۆرەی بارانبارین لە ماوەیەکی دیاریکراودا، فشارێکی زۆر دەخاتە سەر سیستەمی ئاوەڕۆ و ڕێڕەوە سروشتییەکانی ئاو.
شەپۆلەکە بە دوو قۆناغ کار دەکات، قۆناغی یەکەم (١٢ تا ١٩ی مانگ) کەشێکی گەرم و شێدارە، بەڵام لە قۆناغی دووەمدا (١٩ بۆ ٢٤ی ئازار) نزمەپاڵەپەستۆیەکی جەمسەری سارد تێکەڵی سیستەمەکە دەبێت. ئەمەش دەبێتە هۆی گەڕانەوەی کەشی ساردی زستانە و بارینی بەفرێکی زۆر لە ناوچە شاخاوییەکان. ئەگەر هەیە ئەم بارستە هەوا ساردە ببێتە هۆی دروستبوونی زریانی بەفر، بەڵام وردەکاریی کۆتایی ئەم قۆناغە لە ڕۆژانی داهاتوودا ڕوونتر دەبێتەوە.