فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد کە دەکرێنە سەر هاووڵاتیان، دامەزراوە مەدەنییەکان و نێردە دیپلۆماسییەکان.
فەرمانگەکە ئاماژەی بەوە کرد کە بە ئامانجگرتنی کونسوڵخانەی گشتیی میرنشینی یەکگرتووی عەرەبی (ئیمارات) لە هەولێر، پێشێلکردنی ڕوونی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لەو ململانێیانە و هەمیشە لایەنگری ئاشتی و پێکەوەژیان بووە لە ناوچەکەدا.
لەسەر ئاستی سەربازی و ئەمنی، دژەتیرۆری کوردستان وردەکاریی رووداوەکەی خستە ڕوو و ڕایگەیاند'' شەوی دووشەممە، کاتژمێر ١٠:٢٤ خولەک، هێزەکانی هاوپەیمانان سێ درۆنی بۆمبڕێژکراویان لە ئاسمانی هەولێر تێکشکاندووە.''
بەپێی زانیارییەکانی دژەتیرۆر، پارچە و پاشماوەی یەکێک لە درۆنە تێکشکاوەکان لە نزیک کونسوڵخانەی ئیمارات کەوتووەتە خوارەوە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی مەترسی و زیانی ماددی لە ناوچەکەدا بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی لێ بکەوێتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئیماراتیش لە لایەن خۆیەوە هەڵوێستێکی توندی نواند و هێرشەکەی بە کارێکی "تیرۆریستی" وەسف کرد کە کونسوڵخانەی گشتی وڵاتەکەیانی لە هەرێمی کوردستان کردووەتە ئامانج. ئیمارات داوای لە حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە بەدواداچوونی ورد بۆ هۆکار و سەرچاوەی ئەم هێرشانە بکەن، هەروەها جەختی کردەوە لەسەر پێویستی دەستنیشانکردنی لایەنە بەرپرسەکان و گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی توند بۆ لێپرسینەوە لە هێرشکاران.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق کرد کە بەرپرسیارێتیی خۆی لە پاراستنی سەروەریی وڵاتدا بگرێتە ئەستۆ. فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە داوای کرد ڕێگریی جددی بکرێت لەو دەستە و گرووپە "لە یاسا دەرچووانە" کە بەبێ هیچ بیانوویەک و بە بەردەوامی هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ پاراستنی سەقامگیریی سیاسی و دیپلۆماسی لە ناوچەکەدا.