سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی سەبارەت بە کۆبونەوەی ئەمنی نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتی هێزەکانی پێشمەرگە بڵاو کردەوە کە ئەمڕۆ لە هەولێر بەڕێوەچووە.
سێ شەممە، ١٠ ئادار ٢٠٢١، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "بە سەرپەرشتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە، کۆبوونەوەیەکی باڵای سەربازی و ئەمنی لە هەولێر بەڕێوەچوو، لە کۆبوونەوەکەدا هەڵسەنگاندن بۆ مەترسییەکانی شەڕی ناوچەکە کرا و چەندین بڕیاری نوێی ئەمنی دەرکران".
لە بارەی ناوەڕۆکی کۆبونەوەکە سەرۆکایەتی هەرێم ئاشکرای کردوە کە "بە وردی تیشک خراوەتە سەر لێکەوتەکانی شەڕ و پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ناوچەکە. هەر لەو چوارچێوەیەدا، چەندین بڕیار و رێنمایی بۆ پاراستنی ئاسایشی هەرێم و چۆنیەتیی مامەڵەی دەزگاکانی راگەیاندن لەگەڵ رووداوەکان دەرکراون".
هەروەها باس لە هەڵوێستی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبونەوەکەدا کراوە و ڕایگەیاندوە "بە هیچ شێوەیەک رێگە نادرێت خاکی هەرێمی کوردستان ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران یان هەر وڵاتێکی دیکەی دراوسێ".
سەرۆکی هەرێم ئاماژەی بەوەکردوە کە سەرکۆنەی ئەو پەلامارە درۆنی و مووشەکییانەی کردوە کە لەلایەن "گرووپە لەیاسادەرچووەکانی عێراقەوە" دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و زیانی گیانی و مادییان لێکەوتووەتەوە.
نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی ئاراستەی عێراق کردوە و وتویەتی "حکوومەتی فیدراڵیی عێراق بەرپرسیارە لەوەی ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات بۆ رێگریکردن لەو هێرشانە و دۆزینەوە و سزادانی ئەنجامدەرانی، چونکە ئەم پەلامارانە پێشێلکارییەکی روونی سەروەریی وڵاتن و هەڕەشەن بۆ سەر سەقامگیریی گشتی".