شارەزای کەشناسی، ئاراس جەبار لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک دواین پێشبینیە کەشناسیەکانی سەبارەت بە بارانبارینی ڕۆژانی داهاتوو بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت "سبەی شەممە لەکاتەکانی دوای نیوەرۆوە بارانبارین دەستپێدەکات".
هەینی، ١٣ ئادار ٢٠٢٦، ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی رایگەیاند "بارانبارین ڕۆژی شەممە، سەرەتا لە ناوچەکانی سنوری پارێزگای دهۆک و نەینەواو ناوچە سنوریەکانی نێوان سوریا و عێراق پاشان کاتەکانی ئێوارە و شەو بەگوێرەی کات سەرجەم ناوچەکانمان دەگرێتەوە و بە شێوەی بارانی مامناوەند و پچر پچر و هەندێک کات تاوە بارانی بەخوڕ و هەورە بروسکەش چالاک ئەبێت لەگەڵ چالاکبوونی بای باشوری رۆژهەڵات بەخێرای ١٥-٣٠کم/ک ، پلەکانی گەرماش بەراورد بە ئەمڕۆ ٢ تا ٣ پلە نزمدەبنەوە".
ئەو کەشناسە پێشبینیەکانی بۆ ڕۆژی یەک شەممە بەم شێوەیەیە " بەتەواوی کاریگەری ئەو بارستە هەوا شێدارە داخڵی ناوچەکانمان ئەبێت و ناجێگیریەکی بەهێز لەکەش و بەرگەهەوادا دروست ئەبێت بەتایبەت لەنێوان کاتەکانی نیوەرۆی یەکشەمە بۆ بۆ بەرەبەیانی دووشەمە ١٦/٣/٢٠٢٦ لەم مەودایە لەکاتی جیاوازدا لەسەرجەم ناوچەکانمان ئەگەری دروستبوونی هەورە بروسکەی توند و تاوە تەرزە و بارانی بەخوڕ ئەبێت لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە چەم و دۆڵ نزماییەکاندا".
ئاراس جەبار ئاشکرای دەکات کە خۆڵبارینیش دەست پیدەکات و وتویەتی "هەر لە ڕۆژی یەک شەممەدا بای باشوری رۆژهەڵات چالاکتر ئەبێت بەتایبەت لەناوچەکانی ناوەراستی هەرێم و سنوری پارێزگای کەرکوک و ناوچەکانی باشور و ناوەراستی عێراق بەتوندی چالاک ئەبێت بەخێرای ٢٠ کم تا زیاتر لە ٦٠ کم لە کاتژمێرێکدا بۆیە ئەگەری دروستبوونی خۆڵبارینێکی چریش ئەبێت لەزۆربەی ناوچەکان، بەڵام کاریگەری زیاتر ئەبێت لەسەر ناوچەکانی ناوەراستی عێراق و ناوەراستی هەرێمی کوردستان".
بەشێکی دیکە لە پێشبینیەکانی ئاراس جەبار بەم شێوەیەیە کە هۆشداری لە دروستبوونی لافاو دەدات:
"بەرەبەیانی دووشەمە لەئەنجامی بەهێزی ئەو ناجێگیریە لەئاسمانی بەشێک ناوچەکان ئەگەری دروستبوونی هەوری زەبەلاحی سوپەرسێڵ ئەبێت کە ئەم جۆرە هەورانە بەتوندی باران و تەرزەیان لێئەبارێت و هەندێک جاریش تەرزەیان بەقەبارەی گەورە لێئەبارێت لەگەڵ دابەزینی تەوژمە بای بەهێز و دروستبوونی گێژەڵوکەی تۆرنادۆ لە بنەکەکەیانەوە کە ماوەیەکی کورت ئەخایەنێت و لەناوچەی دروستبووندا زیان و مەترسی لەسەر ئەو شوێنانە دروست ئەکەن کە تیایدا دروست ئەبێت ، دیارە لە ئێستاوە بەگشتی ناتوانرێت شوێنی دروستبوونی ئەو هەورانە بەدروستی دیاری بکرێت بەڵام بەگوێرەی پێشبینیە سەرەتاییەکان لەسەر نەخشەکانی کەش و هەوا هەندێ ناوچەی هەرێمی کوردستان و عێراق ئەم ئەگەرەیان هەیە لەوانە ناوچەکانی ناوەراستی عێراق بەگشتی ، لەهەرێمی کوردستانیش لەسنوری قەزای مەخمورەوە بۆ قەزای بەردەرەش و خەبات و تا سنوری قەزای ئاکرێ پێشبینی ئەکرێت ئەم زۆنە ناوچەیەکی سەرەکی بن بۆ دروستبوونی هەوری سوپەرسێڵ بۆیە مەترسی لافاوی گەورە و حاڵەتی توندی دابارین لەم زۆنەدا ئەگەرێکی زیاتر ئەبێت ، لە سنوری پارێزگای کەرکوکەوە بۆ قەزای چەمچەماڵ و کۆیە و سنوری ئیدارەی راپەرینیش هێڵێکی چالاک بەهەمان شێوە پێشبینیکراوە وە لەسنوری پارێزگای سەڵاحەدینەوە بۆ ناوچەکانی باشور و ناوەراستی گەرمیان بەهەمان شێوە پێشبینی ئەو شێوازە توندەی کەش و هەوا دەکرێت ، بەگشتی لەسەرجەم ناوچەکانی سنوری پارێزگای هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە و دهۆک و ئیدارەی سۆران و گەرمیان لەو مەودایەدا پێشبینی بارانێکی زۆر ئەکرێت کە جاروبار تەرزە و هەورە بروسکەی زۆر بەهێز دروست ئەبێت و لافاوی لێدەکەوێتەوە".