رۆژی شەممە ١٤ی ئاداری ٢٠٢٦، کۆنسووڵخانەی گشتیی ئیمارات لە شاری هەولێر لەرێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کرایە ئامانج، کە بەهۆیەوە دوو پاسەوانی ئەمنی بریندار بوون و زیانی مادیی بەر باڵەخانەکە کەوتووە، ئەمەش دووەم هێرشی لەو شێوەیەیە لە ماوەی تەنیا یەک هەفتەدا بکرێتە سەر هەمان شوێن.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و هیوای چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواست، هەروەها داوای لە حکومەتی عێراق کرد کە ئەرکی خۆی لە پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان جێبەجێ بکات، رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم هێرشانە بگرێت و ئەنجامدەرانی سزا بدات بۆ ئەوەی ئاسایشی وڵات نەکەوێتە مەترسییەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات ئەم هێرشەی بە پێشهاتێکی مەترسیدار و پێشێلکارییەکی زەقی یاسا نێودەوڵەتییەکان و رێککەوتننامەی ڤییەننا ناوبرد، هاوکات داوای لە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم کرد لێکۆڵینەوەی ورد بکەن بۆ دەستنیشانکردنی لایەنە بەرپرسەکان و گرتنەبەری رێکاری پێویست بەرامبەریان.