کەشناسێک ئاشکرایدەکات، شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین ڕوو لە هەرێم دەکات و قۆناغی مەترسیداری باران و لافاو دەستپێدەکات.
ئاراس جەبار ڕایگەیاند'' قۆناغی یەکەمی شەپۆلی بارانبارین کە بە شێوەی مامناوەند و پچڕپچڕ بوو کۆتایی هات و زۆرترین ڕێژەی بارانیش لە سنووری پارێزگای دهۆک تۆمارکرا کە لە سەنتەری شار ٥٥ ملم و لە ناوچەی زاوێتە گەیشتە ٩٠ ملم وەک بەرزترین ڕێژە لەسەر ئاستی ناوچەکە.''
لە ئێستاوە کاریگەری هەردوو نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سوور و ناوەڕاست بەهێزتر دەبێت و لە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە ١٥ی٣ تاوەکو بەرەبەیانی سبەی دووشەممە لە سەرجەم ناوچەکانی سلێمانی و هەولێر و دهۆک و کەرکوک و هەڵەبجە و ئیدارەکانی ڕاپەڕین و گەرمیان و سۆران و زاخۆ هەورە بروسکەی زۆر بەهێز و بارانی بەخوڕ دەستپێدەکات.
ئاراس جەبار هۆشداری دەدات لە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و دروستبوونی لافاو لە زۆرێک لە شوێنەکاندا و ئاماژە بەوە دەکات کە لە هەندێک ناوچەدا تەرزەیەکی هێندە زۆر دەبارێت کە زەوی سپی پۆش دەکات و ئەم دۆخە نائارامەی کەشوهەوا لە بەیانی سبەی دووشەممەوە بەرەو لاوازبوون دەچێت بەڵام لە هەندێک ناوچەی شاخاوی تا ئێوارە بە لاوازی دەمێنێتەوە.
لە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان کە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی هەینی جارێکی دیکە شەپۆلێکی تری بارانی بەخوڕ و تەرزە و هەورە بروسکە ناوچەکانمان دەگرێتەوە و کاریگەرییەکانی ئەم شەپۆلە نوێیە تا کۆتایی مانگی ئادار لەسەر وڵاتانی ناوچەکە و هەرێمی کوردستان بەردەوامی دەبێت.