عێراق دەیەوێت لە ڕێگای هەرێمەوە نەوت هەناردە بکات و حکومەتی هەرێم مەرجی هەیە



وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیاندراوێکی سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگای هەرێی کوردستان و بەندەری جیهان بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت "دواکەوتن لە هەناردەکردندا، عێراق لە بەشێک لە داهاتە داراییەکان بێبەش دەکات".

یەک شەممە، ١٥ ئادار ٢٠٢٦، وەزارەتی نەوتی عیراق رایگەیاند "لە سەرەتای دروستبوونی جەنگەوە لە پەیوەندی بەردەوام داین لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەوان ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن بە بڕی ٣٠٠ هەزار بەرمیل لە رێگای بۆریی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەرەو بەندەری جەیهان".

بە پێی راگەیاندراوەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق "وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رەتیکردووەتەوە ئێستا هەناردەکردن دەستپێبکاتەوە و چەندین مەرجی داناوە کە هیچ پەیوەندییان بە بابەتی هەناردەکردنی نەوتی خاوەوە نییە".

لە بەرامبەر هەڵوێستی وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی هەرێم، وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵیت "لە لایەن خۆمانەوە روونمانکردەوە کە دەکرێت دواتر و هاوتەریب لەگەڵ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت گفتوگۆ لەبارەی ئەو مەرجانەوە بکرێت، چونکە دواکەوتن لە هەناردەکردندا، عێراق لە بەشێک لە داهاتە داراییەکان بێبەش دەکات کە وەک قەرەبووی راگرتنی هەناردەکردن لە دەروازەکانی باشوور هەژمار دەکرێن".

لە کۆتایی راگەیاندراوەکەداوەزارەتی نەوتی عێراق جارێکی دیکە داوای "دەستبەجێ" لە هەناردەکردنەوەی نەوت دەکات و وتویەتی "لەپێناو بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی و بەگوێرەی دەستوور و یاسای بودجە دەیانەوێت نەوت هەناردە بکرێت".

زانیارییەکانی وەزارەتی نەوت ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە هەناردەکردنی بۆرییەکە نزیکەی ٩٠٠ هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا، ئەو ٣٠٠ هەزارە جیاواز لەو بڕە نەوتەیە لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بەرهەمدێن، کە پێش جەنگەکە رۆژانە بەلایەنی کەمەوە ٢٠٠ هەزار بەرمیل هەناردە دەکرا. 




PM:04:00:15/03/2026