شارەزایەکی کەشناسی پێشبینی کەشوهەوای رۆژانی جەژنی رەمەزان و نەورۆز دەکات و بەو پێیە لەو رۆژانەدا کەشوهەوا ناجێگیر دەبێت و باران و تەرزە دەبارێت.
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی پێشبینییەکانی لە ئەمڕۆ دووشەممەوە دەستپێدەکات و دەڵێت " سەرەتا ئەمڕۆ تا کاتەکانی ئێوارە لەهەندێ شوێندا لەناوچەکانی سنوری سلێمانی و هەڵەبجە و راپەرین و سۆران و باکوری گەرمیان ئەگەری چالاکبوونەوەی هەورە بروسکە و تاوە باران ئەبێت و پاشان کاریگەری ئەو شەپۆلە کۆتای پێدێت لەسەر ناوچەکانمان و بۆ سبەی سێشەمە و رۆژی چوارشەمە ١٨/٣/٢٠٢٦ کەش و هەوا جێگیر و سەقامگیر ئەبێت و پلەکانی گەرماش ٤ تا ٥ پلە بەرزدەبنەوە".
پێشبینی ئەوەش دەکات کە "لە ئێوارەی رۆژی پێنجشەمەوە ١٩/٣/٢٠٢٦ جارێکی دیکە هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکە دەکەوێتەوە ژێر کاریگەری دوو نزمەپاڵەپەستۆی قوڵ لەدەریای ناوەراست و سوورەوە شەپۆلێکی بەهێزی لێزمە باران و هەورە بروسکە دەستپێدەکاتەوە و چەقی شەپۆلەکەش لەنێوان کاتەکانی شەو بۆ بەرەبەیانی یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانی پیرۆز هەینی ٢٠/٣/٢٠٢٦ ئەبێت و لەو ماوەیەدا بارانێکی زۆر لەسەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان ئەبارێت و پلەکانی گەرماش ٥ تا ٦ پلە نزمدەبنەوە لەگەڵ بارینی بەفر لەسەر لوتکەی چیا بەرزەکان".
بە وتەی ئاراس جەبار "کاریگەری نزمەپاڵەستۆکەی دەریای ناوەراست ئەمجارە پێشبینی دەکرێت بۆ ماوەیەکی درێژ خایان لەسەر ناوچەکە بمێنێتەوە بەدرێژای رۆژانی جەژنی رەمەزان تا کۆتای ئەم مانگە ٣١/٣/٢٠٢٦ کاریگەریەکانی بەردەوامی ئەبێت بەدرێژای ئەو ماوەیەش کەش هەوای هەرێمی کوردستان ناجێگیر ئەبێت رۆژانە لە کات و شوێنی جیاجیادا هەورە بروسکە چالاک ئەبێت و تاوە بارانی بەخوڕ و تەرزە ئەبارێت بەزۆریش چالاکبوونی هەورە بروسکە و تاوە تەرزە و بارانەکان ئەکەوێتە کاتە گەرمەکانی رۆژەوە بەتایبەت لەنێوان کاتەکانی نیوەرۆ بۆ ئێوارە و کاتەکانی دیکە کەمتر ئەگەر هەیە باران ببارێت".
ئاراس جەبار بڕی باران لەم ماوە پێشبینی دەکات "بڕی بارانی پێشبینیکراو لە ١٩ی مانگەوە تا کۆتای ئەم مانگە ٣١/٣/٢٠٢٦ بەم شێوەیە:
سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە ٢٠٠ - ٢٥٠ ملم
سنوری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ ٢٠٠ - ٣٠٠ ملم
سنوری سەنتەری پارێزگای هەولێر و ناوچە نزمەکان ٥٠ - ١٠٠ ملم ناوچە شاخاویەکانی پارێزگا و ئیدارەی سۆران بەگشتی ٢٠٠ - ٣٠٠ ملم
سنوری ئیدارەی راپەرین ١٠٠ - ٢٠٠ ملم
سنوری پارێزگای کەرکوک و ئیدارەی گەرمیان ١٠٠ - ١٥٠ ملم".