فراکسیۆنی پارتی بایکۆتی کۆبوونەوەی ئەمشەوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات و ڕایدەگەیەنێت، دانانی بەرنامەی کار بەبێ ڕەزامەندی سەرۆکایەتی ئەنجومەن، پێشێلکردنی ئاشکرای پەیڕەوی ناوخۆیە.
دەقی ڕاگەیاندراوی فراکسیۆنی پارتی:
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت کە بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە ناکات، کە بڕیارە ئەمشەو بەڕێوەبچێت، بەھۆی ئەوەی کە خشتەی کارەکەی بەبێ ڕەزامەندی سەرۆکایەتی ئەنجومەن دانراوە، ئەمەش پێچەوانەی ماددەکانی (٩) و (٣٧) پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەرانە.
بۆیە، دووپاتی دەکەینەوە کە ئەم کۆبوونەوەیە بە شێوەی ئێستای پێچەوانەی ڕێوشوێنەکانی یاسادانانە، داوا لە سەرۆکایەتی ئەنجومەن دەکەین پابەند بێت بە پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەن بۆ پاراستنی شکۆ و متمانەی دامەزراوەی یاسادانان.
فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
١٧-٣-٢٠٢٦