شارەزایەکی کەشناسی بڵاویدەکاتەوە کە شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین و هەرەتریشقە روو لە هەرێم دەکات و خێرایی با چالاک دەبێت.
ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی رایگەیاند کە " سبەی پێنجشەمە ١٩ی ئازار لەئەنجامی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆیەکی قوڵ لەهەردوو دەریای سوور و ناوەراستەوە شەپۆلێکی بەخوڕی بارانبارین سەرجەم ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە سەرەتاش لە کاتەکانی بەیانیەوە کاریگەری ئەم شەپۆلە لەناوچەکانی پارێزگای ئەنبار و بەگشتی رۆژئاوای عێراق دەستپێدەکات پاشان لەکاتەکانی دوای نیوەرۆدا ناوچەکانی ناوەراست و باشوری عێراق دەگرێتەوە بە تێپەرینی کات لە ئێوارەوە بۆ شەو سەرتاسەری ناوچەکانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە کە بۆ سەرجەم ناوچەکانمان کاریگەری بەهێزەبێت و لێزمە بارانی بەخوڕ و بەردەوامی لەگەڵ ئەبێت لەگەڵ چالاکبوونی هەورە بروسکەش لەهەندێک کاتدا و وە چالاکبوونی بای باشوری رۆژهەڵات بەخێرای ١٥-٣٠کم/ک".
ئاشکراشی کردووە کە" بۆ رۆژی هەینی ٢٠ی ئازار یەکەم رۆژی جەژنی پیرۆزی رەمەزان کاریگەری ئەم شەپۆلە بەبەهێزی لەسەر ناوچەکانمان بەردەوامی ئەبێت بە تاوە بارانی بەخوڕی پچر پچر لەگەڵ زیادبوونی رێژەی هەورە بروسکە و بارینی تەرزەش لەهەندێ کات و شوێندا و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو ، پلەکانی گەرماش ٥ تا ٦ پلە نزمدەبنەوە و لە لوتکەی چیا بەرزەکان بەفر ئەبارێت" .
ئاراس جەبار دەشڵێت" وەک پێشتریش باسمانکردبوو کاریگەری ئەم شەپۆلە بە چەند قۆناخێکی یەک لەدوای یەک پێشبینی ئەکرێت تا کۆتای مانگ بەردەوامی ببێت کە لە رۆژی شەمەوە ٢١/٣/٢٠٢٦ رۆژانە هەورە بروسکە و تاوە تەرزە و بارانی بەخوڕ لەکات و شوێنی جیاجیادا دروست ئەبێتەوە بەدرێژای ئەو ماوەیەش پێشبینی بارینی برێکی زۆری بارانبارین دەکرێت لەسەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵات و باکور و رۆژئاوای کوردستانیش وە زۆربەی ناوچەکانی عێراق و وڵاتانی دەوروبەریش بارانی زۆر و لافاوی گەورە بەخۆوە ئەبینن ".