سەنتەری میترۆ: لایەنە پەیوەندیدارەکان جیاوازی لە نێوان دەزگاکان نەکەن بۆ جێبەجێکردنی رێنماییەکان

سەنتەری میترۆ داوای پابەندبوونی پیشەیی لە رۆژنامەنووسان دەکات و دەڵێت" دەبێت لەم دۆخە سەختەدا ئەمنییەتی هاوڵاتیان و پاراستنی هەرێمی کوردستان بخرێتە پێش هەموو بابەتێکی دیکە."

دەقی پەیامەکەی سەنتەری میترۆ:

شەوی رابردوو زۆربەی كەناڵەكانی بینراو لە هەرێمی كوردستان روماڵی هێرشە تیرۆریستییەكانی بۆ سەر هەرێمی كوردستان دەكرد، بە وریاییەوە مامەڵەیان دەكرد، پابەند بوون بە رینماییەكانی حكومەت لەم جۆرە روماڵە هەستیارانەدا.

سەنتەری میترۆ دەیان ڤیدۆی لەلایەن هاوڵاتیان پێگەیشتووە داوای راوبۆچوونمان دەكەن، هەروەها رۆژنامەنوسانیش دەپرسن، ئەم جۆرە روماڵە بۆچی بۆ كەناڵێكی مۆر هەبێت و بۆ كەناڵێكی سور و پرتەقاڵی و سەوز و شین و قاوەیی نەبێت؟ بۆچی پەیامنێرەكەیان لەهەولێر ناتوانێت هەمان جۆری روماڵی پەیامنێرەكەی سلێمانی بكات؟ بۆ لەوێ رێز لە رێنماییەكان دەگرێت لە سلێمانی پێشێلی دەكات؟

سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت، لەم بارودۆخە پڕ مەترسی و پڕ لە تەحدایەدا، پێشینە بۆ ئەمنییەتی هاوڵاتیان و پاراستنی هەرێمی كوردستانە لە هەڕەشەی تیرۆریستان، بۆ ئەمەش داوای ئەوپەڕی دیسپلینی پیشەیی لە رۆژنامەنوسان  دەكەین.

 سەنتەری میترۆ نیگەرانە لە دوو فاقی راگەیاندن لەگەڵ شوێنی رووداوەكان، كە بێباكن لەبەرامبەر ئەمنییەتی شارێك  و روماڵەكانیان ناپیشەیین و بەناوی خستنە رووی زانیاری، كە دەكرێت بە شێوەیەك بڵاوبكرێتەوە، نەبێتە مایەی پەشێوی نائارامی، كەچی بوون بە سەرچاوەی بەرهەمهێنانی ترس و تۆقاندن.

سەنتەری میترۆ وێڕای تێبینییەكانی لەسەر رێنماییەكان، جەختدەكاتەوە: پێویستە دەزگا پەیوەندیدارەكان جیاوازی نەكەن لە نێوان هیچ دەزگایەك، ریێنمایی وەزارەت و دەزگا پەیوەندیدارەكان بۆ هەمووان وەك یەك لابێت و سڵ نەكەنەوە لە جێبەجێكردنی رێنماییەكان بەسەر هیچ كەناڵێك.






PM:12:59:18/03/2026