هەرێمی کوردستان یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانی راگەیاند کە رۆژی هەینی یەو سبەی پێنج شەممە دوا رۆژی تەواوکاری مانگی رەمەزانە.
لیژنەی باڵای بینینی مانگ لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان، دوای چاودێریکردنی وردی ئاسمان، رایگەیاند کە بەهۆی نەبینینی مانگی شەوالەوە، رۆژی پێنجشەممە جەژن نییە و دەبێتە تەواوکەری مانگی رەمەزان.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٨ـی ئادار، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفراسنێکی رۆژنامەوانیدا، گوتی: "دوای ئەوەی لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی لیژنە لاوەکییەکان چاودێری بینینی مانگ کرا، بەڵگەی شەرعی بینینی هیلالی مانگی شەووال نەسەلمێنرا."
وەزیری ئەوقاف، ئاماژەی بەوە کرد، کە بە پشت بەستن بە بەڵگەکان لیژنەی باڵا رایدەگەیەنێت، "سبەی پێنجشەممە، دەبێتە تەواوکەری مانگی پیرۆزی رەمەزان و، رۆژی هەینی رێکەوتی ٢٠ـی ئاداری ٢٠٢٦، یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانی پیرۆز دەبێت لە هەرێمی کوردستان."