حزبی شیوعی پشتگیریی پڕۆژەی "کۆدەنگیی نیشتمانی" دەکات

مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعیی کوردستان، بە فەرمی پاڵپشتی خۆی بۆ بانگەوازی یەکڕیزی نیشتیمانی ڕاگەیاند و داوای جێگیرکردنی گوتارێکی هاوبەش لە ئاستی جیهاندا دەکات.

حزبی شیوعی ڕایگەیاند'' بە تەواوی پشتگیری لە "پڕۆژەی کۆدەنگیی نیشتمانی بۆ هەژاندنی ناوەندەکانی بڕیار لە جیهاندا" دەکات.''

ئەم پڕۆژەیە کە لەلایەن زیاتر لە ٢٠٠ کەسایەتی سیاسی و ڕۆشنبیری هەر چوار پارچەی کوردستانەوە پێشنیاز کراوە، بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ گەیاندنی دەنگی کورد دەبینێت.

حزبەکە دووپاتی کردەوە کە یەکڕیزی بنەمای سەرەکییە بۆ پاراستنی مافەکان و سەرکەوتنی دۆزی کورد. داواشی کرد گوتاری ڕق و کینە و دووبەرەکی بەلاوە بنرێن و ڕێز لە جیاوازییەکان بگیرێت، چونکە یەکگرتوویی هێز دەداتە بەرنامەی کاری هاوبەش بۆ گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەییەکان.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، داوا لە سەرجەم هاووڵاتیانی کوردستان و ئازادیخوازانی جیهان کراوە کە پاڵپشتی ئەم پڕۆژەیە بکەن. ئامانجی کۆتایی حزبەکە لەم پشتگیرییە، چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایش و بینینی ڕۆڵێکی کارایە لەو گۆڕانکارییە سیاسییانەی کە لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن.


پەیامێکی کراوە بۆ کوردستانیانی ئازیز

 وەک دەزانین، دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم ئەگەری گۆڕانکاری گەورە دایە، تەواوی دەوڵەتانی ناوچەکە بەوانەشەوە، کە کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە، لە ڕووی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی، بە دۆخێکی ناسەقامگیر و ئاڵۆزی سیاسیدا گوزەر دەکەن.

 گۆڕانکاری و مەترسییەکانی سەرەتای ئەمساڵ لە ڕۆژئاوای کوردستان، هەموومانی خستە بەردەم بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی و ئەخلاقی و نیشتمانییەوە، درککردن بەم بەرپرسیارێتی و مەترسییانە، کۆدەنگییەکی نیشتمانی و نەتەوەیی بێ وێنەی لە ئاستی ناوەوە و دەرەوەی کوردستاندا دروستکرد، کۆدەنگییەک لە مێژووی ئێمەدا شتێکی دەگمەن بوو. 

  ئەم کۆدەنگی و یەکڕیزییەی کوردان، کاریگەری زۆری لەسەر کەمکردنەوەی گەورەیی مەترسییەکان و هەڵوەشاندنەوەی ئەو پیلانگێڕییانە هەبوو، کە ببوونە هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بۆ سەر بوونی کورد بەگشتی و، ڕۆژئاوا بەتایبەتی، جگە لەوەی ئەم گوتاری یەکدەنگییە، دەرفەتێکی گرنگ بوو بۆ ڕەخساندنی زەمینەی خێراتر لە گواستنەوەی وێنەی ڕەوایەتی پرسی کورد لە بازنەی پرسێکی ناوەکییەوە بۆ نێو ناوەند و دامەزراوە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی دنیا.

لێرەوە و لەبەر ڕۆشنایی هەمان دروشمی ناوەندی کوردان لە شەقامەکانی کوردستان و هەندەران لە ڕۆژانی پەلامار بۆ سەر کوردانی ڕۆژئاوا، داوا دەکەین هەمان دروشم (یەکە یەکە یەکە، گەلی کورد یەکە) جارێکی دی بکرێتەوە دروشمی ناوەندی کۆی کوردان لە بەشە جیاوازەکانی کوردستان و هەندەران و هەمووان بەیەکەوە پرسە بچووکە حیزبی و سیاسی و ئایدیۆلۆژییەکان تێپەڕێنین و لە دەوری مێزێکی هاوبەشی نیشتمانی کۆببینەوە، مێزێک هێزی تێپەڕاندنی بەرژەوەندییە بچووکەکانی هەبێت و ستراتیژی نیشتمانی و نەتەوەیی هاوبەشی کوردی لەسەر دابڕێژرێتەوە.  




PM:03:43:25/03/2026