بەڕێوبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای دەکات کە "دوای ئەوەی نەوتی سپی لە شارۆچکەکانی دەوروبەری هەولێر تەواو بوە، ئێستا پرۆسەکە گەیشتوەتە ناو سەنتەری شار".
پێنج شەممە، ٢٦ ئادار ٢٠٢٦، سالار محەمەد، لێپرسراوی پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر رایگەیاند "بۆ هەر خێزانێک بڕی ١٠٠ لیتر نەوت بە نرخی ٣١ هەزار دینار دیاریکراو دابەشدەکرێت، ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا چەند بریکارێک لە ناو سەنتەری شار ئاگادار کراونەتەوە تاوەکو نەوتەکە بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش بکەن".
سەبارەت بە هۆکاری دواکەوتنی دابەشکردنی نەوت لە ناو شاردا ئەو بەرپرسە وتویەتی "ئەو بڕە نەوتەی کە دەبوو حکوومەتی عێراق بینێرێت ٤٥ ملیۆن لیتر بوو، بەڵام تا ئێستا تەنها ٩ ملیۆن لیتری ناردووە، ئەمەش وایکردووە پڕۆسەکە بە سستی بەڕێوە بچێت".
"لە ئێستادا نەوتەکە بە تانکەر دەگات و رۆژانە بەپێی ئەو بڕەی بەردەست دەبێت، بەسەر بریکارەکاندا دابەش دەکرێت"، سالار محەمەد وا دەڵێت.
لە کۆتایی قسەکانیدا لێپرسراوی پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر دڵنیانی دەداتە هاوڵاتیان کە لە هەر کاتێکدا نەوت بگاتە دەستیان دابەشی دەکەن.