ڕۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکی شیکارییدا ئاشکرای کرد کە هێرشە ئاسمانییەکانی چوار هەفتەی ڕابردوو توانای بەرهەمهێنانی مووشەکی ئێرانیان بە تەواوی پەکخستووە و زۆربەی بنکە جێگیرەکانی هاویشتنی مووشەکیان لەناو بردووە.
بەپێی وێنە مانگە دەستکردەکان و لێکۆڵینەوەی پسپۆڕان، چوار ناوەندی سەرەکی دروستکردنی مووشەکی بالیستی و دەیان دامەزراوەی ستراتیژی لە ناوچەکانی خۆجیر، شاهرود و پاڕچین وێران کراون، کە تەنیا لە یەک کۆمەڵگەی سەربازیدا ٨٨ بنکەی بەرهەمهێنانی سووتەمەنی مووشەک خاپوور کراون.
ئەمەش وای کردووە دەستگەیشتن بەو مووشەکانەشی لە ژێر زەویدا کۆگاکراون بەهۆی بۆردوومانکردنی دەروازەی تونێلەکانەوە مەحاڵ بێت.
ئەم وێرانکارییە گەورەیە وەک گەورەترین شکستی ستراتیژیی تاران هەژمار دەکرێت و شارەزایان دەڵێن هەرچەندە ئێران مووشەکی جوڵاوی مابێت، بەڵام ژێرخانی بەرهەمهێنانی چەندین ساڵی پێویستە بۆ نۆژەنکردنەوە، ئەم داڕمانە سەربازییەش ئێرانی لە دانوستانە دیپلۆماسییەکاندا خستووەتە پێگەیەکی زۆر لاواز و بێهێزەوە.