وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی، بەهمەن عەبدولقادر لە لێدوانێکدا بۆ سپی میدیا سەبارەت بە زیادبوونی نرخی سوتەمەنیی لە بەنزینخانەکانی سلێمانیدا دەڵێت "بەراورد بە کاتی پێش دروستبوونی شەڕ ٪١٠ نرخی سووتەمانی زیادی کردووە".
سێ شەممە، ٣١ ئادار ٢٠٢٦، بەهمەن عەبدولقادر، وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی رایگەیاند "بەروارد بە پێش دەستپێکردنی جەنگ لە ٪١٠ نرخی سوتەمەنی گرانبوە، لەبەر ئەوەی لە ئێرانەوە کێشەی سوتەمەنی هەیە و پاڵاوتگەکانی کوردستانیش، وەک لاناس و کار وەک پێشووتر ناتوانن کاربکەن".
وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی وتیشی " بۆ هەرسێ جۆرەکەی بەنزین (سوپەر، محەسەن، نۆرماڵ) ١٠٠ دینار زیادی کردوە و نرخی نەوت و گازیش بەهەمان شێوە، ، بەڵام نرخی غازی ماڵان سێ هێندە بەرز بۆتەوە و بڕەکەی کەمە و نییە".
لە وەڵامی پرسیاری سپیدا کە بۆچی غازی عەمبارکراو نەبوە تا کێشەی غازی ماڵان دروست نەبێت؟ بەهمەن عەبدولقادر رایگەیاند "مانگێکە شەڕە، بەڵام تا ئێستا نەبوونی غاز قەیرانی دروست نەکردوە لە کاتێک ئاسمان بەردەوام درۆنی پێوەیە، لیژنەکانی قایمقامیەت و پارێزگار و ئاسایش کۆشش دەکەن تا غازی حکومی دەستەبەر بکەن و هاوڵاتیان سودمەندبن، ئێمەش وەک بەنزینخانەکان راستە گرانترە بەراورد بە حکومییەکە دەیدەینە هاوڵاتیان، بەڵام هەوڵ دەدەین کە بەردەوام هەبێت و ئەم دۆخە زەحمەتیە تێبەپڕینین".
لە بارەی بڕی هەڵگیراوی سوتەمەنی لە کۆگاکاندا و پالنیان بۆ داهاتوو، وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی دەڵێت "لە ئێستادا دۆخەکە ئاساییە و هەموو سووتەمنیەکان زۆرە و باسی داهاتوو ناکەین جارێ".
٣٢ ڕۆژ تێپەڕیوە بەسەر دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و بەهۆی ئەم جەنگەوە لە بازاڕەکانی جیهاندا نرخی سووتەمەنی زیادیکردوە.