بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاسایش و پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە راگەیەنراوێکی هاوبەشدا، دەستگیرکردنی پێنج تۆمەتباری شەڕەکەی رۆژی دووشەممەی ناحیەی کەورگۆسکیان راگەیاند.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، دەستبەجێ هێزەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە شوێنی رووداوەکە ئامادەبوون.
ئاماژە بەوەش کراوە، "لەسەر ئەم رووداوە بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی هەولێر، پێنج تۆمەتبار دەستگیرکراون بە ناوەکانی ( م، م، ع ) و ( ع، م، ع ) و ( م، م، م ) و ( د، ر، م ) و ( ش، ر، م )، هەروەها دەستیشمان گرتوە بەسەر 20 پارچە چەکی جۆری سووک و مامناوەند."
شەوی رابردوو، ٣٠ی ئاداری ٢٠٢٦، لە ناحیەی کەورگۆسک سەر بە قەزای خەبات لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتیی کۆن لەنێوان بنەماڵەیەک کە خاڵ و خوارزای یەکدین، شەڕە تەقە روویدا، لە ئەنجامدا شەش هاونیشتمانی لە هەردوولای شەڕەکە کوژران و سێی دیکەش بریندار بوون.