"وەزیری تەندروستی عێراق بەڵێن بە نەخۆشخانەی هیوا دەدات دەرمانیان بۆ دابین بکات"

‌ئەرشیف

ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی عیراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا باس لە بەڵێنێکی وەزیری تەندروستی عیراق دەکات بۆ نەخۆشخانەی هیوا.

دکتۆر بڕیار رەشید، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، چوار شەممە، ١ نیسانی ٢٠٢٦، رایگەیاند "وەزیری تەندروستیی عێراق بەڵێنی زیادکردنی بەشە دەرمانی پێویست بۆ نەخۆشخانەی هیوا پێداین".

بە وتەی ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی وتی "بەشێکی زۆر لە تووشبووانی شێرپەنجە بۆ وەرگرتنی دەرمان، ناچار بوون پەنا بۆ نوێنەرەکانیان ببەن تاوەکو رەزامەندیی تایبەتی وەزیری تەندروستیی عێراقیان بۆ وەربگرن".


"هەرچەندە ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستی هەمیشە هاوکار بووە، بەڵام بەشێکی هاوڵاتییان ئاگادارنین کە دەتوانن لە رێگەی ئێمەوە رەزامەندیی دەرمانەکانیان وەرگرن؛ هەروەها ناکرێت هاوڵاتی تەنیا لە رێگەی نوێنەرەکانییەوە دەرمانی شێرپەنجە بەدەستبهێنێت، بۆیە پێشنیارمان کرد چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ ئەو گرفتە بکرێت"، دکتۆر بڕیار رەشید وا دەڵێت.

ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، داوایان کردووە بەشە دەرمانی تەرخانکراو بۆ نەخۆشخانەی هیوا بەپێی پێویستیی نەخۆشخانەکە زیاد بکرێت "بێ ئەوەی پێویست بکات بۆ داواکاریی هەر هاوڵاتییەک، رەزامەندیی وەزیری تەندروستی لەسەر بدرێت."

بڕیار رەشید وتیشی "لە داهاتوودا کۆبوونەوەیەک لەنێوان وەزارەتی تەندروستیی عێراق، ئیدارە و ستافی نەخۆشخانەی هیوا و نوێنەرانی سلێمانی ئەنجام بدرێت، ئەوەش بە مەبەستی دیاریکردنی وردی پێویستییەکان و کەم و کوڕییەکانی نەخۆشخانەکە و جێبەجێکردنی بەڵێنی زیادکردنی بەشە دەرمانەکە".
 




AM:12:02:02/04/2026