بەڕێوبەری گشتی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە پڕبوونی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت"تەنیا سێ بەنداو ماون سەرڕێژ بن، كە یەکێکیان پڕبوونی مسۆگەرە".
شەممە، ٤ نیسان ٢٠٢٦، رەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند "كۆی گشتی ئاوی كۆكراوەی بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە نزیكەی ٧ ملیار مەتر سێجا، ئەوەش بڕێكی ئێجگار باشە. ئێستا تەنیا بەنداوەكانی دووكان، دەربەندیخان و گۆمەسپان ماون سەرڕێژ بن. ٢٢ بەنداوەكەی دیكە سەرڕێژ بوون".
"بەنداوی دووكان ئێستا ٤ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدایە، كە دەكاتە ٪٦٥ توانای ئاوی گلدراوەی بەنداوەکە و رۆژانەش ٣٠ سانتیمەتر ئاوەكەی زیاد دەكات" بەڕێوبەری گشتی بەنداوەکان وا دەڵێت.
سەبارەت بە بەنداوی دەربەندیخان، رەحمان خانی وتویەتی "٢ ملیار و ٣٥٠ ملیۆن مەترسێجا ئاوی تێدایە کە دەکاتە ٪٩٢ ی توانای ئاوی گلدراوە، کەشەکە بەم جۆرە بەردەوام بێت، ئەم ساڵ بەنداوەکە سەرڕێژ دەبێت".
لە بارەی بەنداوی گۆمەسپانیش بەڕێوبەری گشتی بەنداوەکان دەڵێت "٩٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاو دەگرێت و ئێستا ٢٤ ملیۆنی تێدایە، كە دەكاتە ٪٢٥ ی بەنداوەكە، ئەم ساڵ سەرڕێژ نابێت، دووكانیش هێشتا دیار نییە سەرڕێژ دەبێت یان نا."
لە هەرێمی كوردستان ٢٥ بەنداوی گەورە و بچووك هەن. بەنداوەكانی دووكان و دەربەندیخان گەورەترینەکانن.