بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە پرۆسەی خوێندن و تاقیکردنەوەکان قسەی بۆ میدیاکان کرد.
یەک شەممە، ٥ نیسانی ٢٠٢٦، نەژاد عەبدوڵا، بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی رایگەیاند " پرسی دیاریکردنی ڕۆژی تاقیکردنەوەکان هیشتا ڕاگیراوە، بەڵام تاقیکردنەوەی سەرجەم پۆلەکان بە ١٢ـی ئامادەیی و ٩ـی بنەرەتیشەوە بڕیاری لێوەدەدرێت و هیچ تاقیکردنەوەیەک نافەوتێیت و ئەم دۆخەی ئێستاش ناچارییە".
"وە تاقیکردنەوەکان نە بە ئۆنلاین و نە بەشێوازی ئەلیکترۆنی دەبێت، لە هەموو حاڵەتێکدا تاقیکردنەوەکان لە پۆلەکاندا ئەنجام دەدرێت"، بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی وا دەڵێت.
لە بارەی کەمکردنەوەی پڕۆگرامەکانی خوێندنەوە نەژاد عەبدوڵا وتی "پرۆگرامی خوێندن پێشتر کەمکراوەتەوە و هیچ بڕیاریک لە وەزیر و ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردەوە نییە بۆ ئەوەی مەنهەج دووبارە کەمبکرێتەوە و دەبێت ئەوان بڕیاری لێبدەن".
بەڕێوبەری گشتی پەروەردە دەشڵێت " ئەو باخچە ناحکومییانەی دژی ڕێنماییەکان دەوام دەکەن، بەدواداچوونی بۆ دەکەین و لیژنەی تایبەتمەندیان بۆ دەنێردرێت، چونکە دەبێت هاوشێوەی هەموو قۆناغەکانی خوێندن دەوام ڕابگیرێت و بکرێتە ئۆنلاین".
نەژاد عەبدوڵا ئاماژەی بەوەکرد کە خێزانەکان دەتوانن تەلەڤزیۆنی پەروەردەیی بەکاربهێنن و رایگەیاند "ئەو خێزانانەشی چەند خوێندکارێکیان هەیە و ناتوانرێت هەریەکەیان مۆبایلێکی بۆ تەرخان بکرێت بۆ بەشداربوون لە وانەکانی ئۆنلایندا، دەتوانن لەڕێگەی تەلەڤیزیۆنی پەروەردەییەوە سەیری وانەکان بکەن کە پەخش دەکرێت".