دوای کۆبونەوەی شاندێکی باڵای عێراق و هەرێمی کوردستان لە بارەی یەکخستنی سیاسەتی گومرگی و جێبەجێکردنی سیستمی ئەلیکترۆنی لە دەروازە سنورییەکان راگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە و دەڵێن "لەسەر یەکخستنی سیاسەتی گومرگی لە نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان رێککەوتوون".
دوو شەممە، ٦ نیسانی ٢٠٢٦، بە پێیی راگەیەنراوی کۆبوونەوەکە، میوانداریکردنی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن بووە لەسەر یەکخستنی رێکارە گومرگییەکان لە دەروازە سنوورییەکان و تیایدا هاتوە لەسەر یەکخستنی سیاسەتی گومرگی لە نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان رێککەوتوون، بەتایبەتی لە بواری پێناسەی گومرگی و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی. هەروەها بڕیار درا سیستمی ئەسیکوودا لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت، بە مەرجێک داڕشتنی سیاسەتی گومرگی ئەرکی حکومەتی فیدراڵی بێت و بەڕێوەبردنی گومرگەکانیش بە شێوەی هاوبەش بێت لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
لە کۆبونەوەکەدا بڕیاردرا شاندێکی هونەریی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگ لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ تیمی نیشتمانیی وەزارەتی دارایی عێراق کۆببنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر میکانیزمەکانی یەکخستنی رێکارەکان بە رەچاوکردنی تایبەتمەندی و یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان، بڕیاریشە لە چەند رۆژێکی کەمدا هەردوو تیم راپۆرتێک بدەنە ئەنجوومەنی ئابووری بۆ دەرکردنی بڕیاری پێویست.
شاندی هەرێمی کوردستان پێکهاتبوون لە سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، راوێژکاری وەزارەتی دارایی، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ، بەڕێوەبەری گشتیی بەدواداچوون و هەماهەنگی، لەگەڵ سەرۆکی ژوورە بازرگانییەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە.
لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، ئەنجوومەنی ئابووری بڕیاری دا دەروازەی سنووریی ترێبیل وەک دەروازەیەکی فەرمی بۆ هاوردەکردنی زێڕ دیاری بکات، تاوەکوو قەدەغەی ئاسمانی بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانەوە لەسەر وڵات هەڵدەگیرێت.